کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی ڕەخنەی لە نەبوونی ئومەتێکی ئیسلامی بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا گرتووە

12:15 - 1 رەزبەر 2724

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی خوازیاری پچڕانی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و دروستکردنی بە وتەی خۆی ئومەتی ئیسلامی بوو.

خامنەیی لە قسەکانیدا بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە نەبوونی ئومەتێکی ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەگەر موسوڵمانان لە دووبەرەکیدا نەبووایەتن دەیانتوانی کە شکست بە ئیسرائیل و ئەمریکا بهێنن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بە دژایەتییەکانی نێوان شیعە و سوننەمەزەبەکان ڕایگەیاند کە گرینگترین کێشە و بەربەستی موسوڵمانان بۆ دروستکردنی ئومەتێکی ئیسلامی کێشەکانی نێوان ئەم دوو مەزهەبەیە.

ئەم وتانەی خامنەیی لەکاتێکدان کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئایینی شێعە مەزهەبی کۆماری ئیسلامییەوە، سوننەمەزهەبەکان وەک هەڕەشەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە لەبەرچاو گیراون و لە هەموو ئەو ماوەیەدا بە شێوازگەلێکی سیستماتیک لەژێر گوشارەکانی حاکمییەتدا ماونەتەوە و لە هیچ یەک لە بوارەکانی بەتایبەتی کاروباری سیاسی و ئابووری وڵاتدا ڕێگەیان پێ نەدراوە کە بەشدارییەکی سەرەکییان هەبێت.

خامنەیی لەحاڵێکدا باس لە یەکگرتوویی موسوڵمانان دەکات کە لە وڵاتەکەی خۆیدا زیاترین ڕێژەی دووبەرەکی لە نێوان شێعە و سوننەدا هەیە و تەنانەت ئەم سیستمە لە دەسەڵاتداریشی بۆ وڵاتانێک کە کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی سەرەکیی لە سیاسەتەکانیدا هەیە وەک عێراق و سووریە گواستووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی سیاسەتە دەرەکییەکانی ڕێژیمەوە کە لەسەر بنەمای دژایەتیکردن لەگەڵ ڕۆژاوا و بەتایبەتی ئەمریکا پێک هاتووە، دەیهەوێت کە وڵاتانی ئیسلامیی دیکەیش هاوشێوەی تاران دژایەتی ئەمریکا و ڕۆژاوا بکەن و بە وتەی خۆی لە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بێبەری بن.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە سەر بنەمایەکی ئاشتیخوازانە نە تەنیا پیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی ڕۆژاوا پتەوتر کردووە بەڵکوو گرژییەکانیان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیلیش کەمتر کردووەتەوە.