بزووتنەوەی بەردەوام
ئاسۆ مینبەری
لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا و هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان و ئێران، بۆ جارێکی دیکە پرسی ژنان و پێشێلکارییەکانی مافی ئەم توێژە لە کۆمەڵگە کەوتەوە بەر باس.
لە درێژەی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەدا کە بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی کۆمەڵگەی تەنی و هاواری خۆی گەیاندە دەرەوەی سنوورەکان، ژنان ڕۆڵێکی ئێجگار دیار و بەرچاویان گێڕا کە ئەم ڕۆڵە ئێستاشی لەگەڵ بێت، پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ، نەک هەر کاڵ نەبووەتەوە بەڵکوو ژنان بە هەست بە بەرپرسایەتییەکی زۆرترەوە و لە پێگەی جیاوازەوە، لەمبارەوە و بە مەبەستی درێژەدان بەم شۆڕشە، ئەرکوەخۆگرانە و بوێرانە، لە مەیدانی کردەوەدا چالاکن.
ژنان لە شۆڕشی ژینادا، بە یەکەم ئەکتی مەدەنی و هاوکات سیاسی واتە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان و گوتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، بوون بە دەسپێشخەر بۆ شۆڕشەکە، بەڵام لە بڕگەکانی دواتردا ڕۆڵیان پڕڕەنگتر بووەوە و دەکرێ بە سەدان نموونەی بۆ بهێنرێتەوە.
ئەم بزووتنەوەیە ئەگەرچی بە کوژرانی ژینا لەسەر ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد، بەڵام لە ڕاستیدا وێستگەی بەریەککەوتنی داخوازییەکانی ژنان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بوو. هەر ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئەم ناڕەزایەتییە بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو، زیاتر پەرە بستێنێ و پاڵپشتی لە دەرەوەی سنوورەکانیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.
لەم چوارچێوەیەدا و هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بەریەککەوتنەکە توانی چین و توێژەکانی دیکەش بۆ داواکردنی مافەکانیان و پێداگری لەسەر داخوازییەکانیان بێنێتە سەر شەقام، بەڵام لە چوارچێوەی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەوساندنەوەی ژنان بە درێژایی زیاتر لە ٤ دەیە، مەیدانێکی ئاوەڵاتری درووست کردبوو. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ژنان بە مەبەستی مەحکوومکردنی پێشێلکردنی مافی ژیان لە ژینا هاتنە سەر شەقام و دروشم و ناڕەزایەتییەکانیان ڕەنگدانەوەی ستەمی نەتەوایەتی و ڕەگەزیی تێدا بەدی دەکرا و هاوکات لەگەڵ دژایەتیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵات، دژایەتی بیری چەقبەستووی پیاوسالارانەی سەرچاوەگرتوو لەو دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکەیان کرد و ژن، ژیان، ئازادییان کردە مانیفێستێک بۆ خەباتەکەیان.
لەم پێناوەدا، ژنان دەسبەسەر کران، شەهید کران، ئازار و ئەشکەنجە دران و هەر ئێستاش پاش دوو ساڵ لە دەسپێکی ئەم شۆڕشە لانیکەم ٢٥ کەسیان بە هۆی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ و پەیوەستبوونیان بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و پاڵپشتی لەم بزووتنەوەیە لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان و ژمارەیەکیان دادگایی کراون.
خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، تەنانەت بە دەسبەسەرکردنی ژنان نەیتوانی تووڕەییان دامرکێنێت و پێش بە بەردەوامبوونیان بگرێت، ژنان بەندیخانەکانیشیان کردە سەنگەر بۆ بەرخودان و لەوێش جیا لە داواکاردنی مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان، بوون بە دەنگ بۆ ئەو ژنانەی کە ساڵانیک بوو لە خراپترین و نامرۆڤانەترین دۆخدا، لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوون. ئەوان دۆخی ژنانی بەندکراویان بە گوێی دەرەوە گەیاند و لەو سەنگەرەشدا، درێژەیان بە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی ملهوڕی کۆماری ئیسلامی دا.
ئێستا کە دوو ساڵ لە دەسپێکی شۆڕشی ژینا تێدەپەڕێت، جگە لە شانۆگەریی ڕێژیم سەبارەت بە پرسی حیجاب و فرتوفێڵەکانی پزشکیانی پۆپۆلیست بۆ کەڵکوەرگرتن لە ژنان لە پۆستە حکوومەتییەکاندا و ئەویش بە مەبەستی سەرپۆشدانان بەسەر باقی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ژنان بەتایبەت لە کوردستان بەدی ناکرێت.
هەر ئەم نەبوونی ڕووناکاییە سەبارەت بە پرسەکانی ژنان و بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی مافی ژنان وای کرد کە لە ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا، ١٢ ڕێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوا لە ڕێژیم بکەن کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردن دژی ژنان و توندوتیژیی سیستماتیک دژی ئەوان لە شەقامەکاندا بێنێ و مافی هەڵبژاردن و ئازادیی ژنان بۆ جەستەیان بە فەرمی بناسێت و یاسای حیجابی زۆرەملێ کە زیاتر لە ٤ دەیە ژیانی ڕۆژانەی ژنانی ئێرانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، هەڵوەشینێتەوە. ئەم ڕێکخراوانە جیا لەوەی کە داوای هەڵوەشانەوەی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانیان کردووە ڕایانگەیاندوە: "داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆییە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ هەواڵی دۆخی دەسبەسەرکراوان بکەن و بۆ ئازادیی ئەوان گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی ئێرانی. ئێمە گرووپ و ڕێکخراوە فێمێنیستییەکانیش بانگهێشت دەکەین تاکوو بە شێوەی جیاواز لە دەرکردنی بەیاننامەوە هەتا بەڕێوەبردنی گردبوونەوە، درێژە بە پشتیوانی لە مافی ژنانی ئێران و داواکارییەکانیان بۆ ئازادیی پۆشش و خودموختاری جەستەییان بدەن."
هەرچەند دامرکانەوە و کەمڕەنگبوونەوەی بزووتنەوەکە لە ئێستادا وای کردوە کە دۆخی نالەباری ژنان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەبیر بچێتەوە، هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان بۆ گەیاندنی دەنگی ئەم ژنانە بە جیهان و هەوڵەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ لەمبارەوە جێگای پێزانینە، بەڵام ئەمە هیچ لە ئەرک و بەرپرسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرانبەر بە توێژە ستەملێکراوەکان و داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان کەم ناکاتەوە و پێویستە وزە و تواناکان بخرێنە سەر یەک تاکوو بە درێژەدان بەم بزووتنەوەیە، کۆتایی بە مهلوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بهێنرێت.