کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوالێتیی بەرهەمهێنانی بەنزین لە ئێران لەسەر داوای ڕێژیم دابەزیوە

10:29 - 2 رەزبەر 2724

بەرپرسی ئەنجومەنی خاوەنکارانی پاڵاوتنی نەوت وتوویەتی بەرهەمهێنەرانی بێنزین لەسەر داوای ڕێژیم کوالێتیی بەنزینەکەیان کەم کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەر، ناسر عاشووری لە وتوێژێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند کە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی زیاتری بەنزین و دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵات، ڕێژیم داوای کردووە کەمتر بەنزینی یۆرۆ ٤ و یۆرۆ ٥ بەرهەم بهێنرێت.

بە وتەی عاشووری تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی بەنزین گەیشتووەتە ١١٢ میلیۆن لیتر، بەڵام بەکارهێنانی ڕۆژانەی بەنزین نزیکەی حەوت بۆ هەشت میلیۆن لیتر لە بەرهەمهێنانەکەی زیاترە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەڵێنیان داوە کە ئێران بەرەو بەرهەمهێنانی بەنزینی یۆرۆ ٤ و یۆرۆ ٥ بۆ هەموو بێنزینخانەکانی ئەو وڵاتە هەنگاو بنێت، بەڵام ئەمە ڕووی نەداوە.

لە کاتێکدا بەرپرسانی وەزارەتی نەوت وادەی بەرهەمهێنانی بەنزینی ستانداردیان لە هەموو شارەکاندا دەدا، لێدوانی بەرهەمهێنەران و بەرپرسانی سەندیکاکانی کرێکاران لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ئاماژە بە دابەزینی کوالێتیی بەنزین بە مۆڵەتی ڕێژیم دەکات.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرما و زیادبوونی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکاندا، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی بەنزینی بە کوالێتیی نزم مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروست دەکات.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، پیسبوونی هەوا دوای جگەرەکێشان دووهەم هۆکاری سەرەکیی مردنە. ئەو ناوەندە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکی بەرچاو لە نێوان ڕێژەی پیسبوونی هەوا و "مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدان بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە لە ئێراندا هەیە.