کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆککۆماری ئیسرائیل: ئێران ئێمپراتووری شەڕ و ئاژاوەیە و گرووپە تێرۆریستییەکانی بەدژی ئیسرائیل پڕچەک کردووە

11:28 - 2 رەزبەر 2724

سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە وتووێژێکدا ئێرانی بە سەرچاوەی شەڕ و ئاژاوەکانی ئێستا زانی و ڕایگەیاند کە ئەم دۆخە بەردەوام نابێت و ئیسرائیل هاووڵاتییانی خۆی دەگەڕێنێتەوە نێو ماڵەکانیان.

ئیزاک هێرتسووگ بە کاناڵی سکای نییوزی ڕاگەیاندووە کە نزیکەی ١٠٠ هەزار ئیسرائیلی بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنانەوە ماڵەکانیان لە ناوچە باکوورییەکانی ئەو وڵاتە بەجێ هێشتووە.

سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە قسەکانیدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک ئێمپراتووری شەڕ و ئاژاوە لە قەڵەم داوە کە فەرمانی داوە بە میلیشیاکانی تاکوو لە هەموو لایەکەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و بە ڕەخنەگرتن لە هێندێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بەم کاناڵەی وت: "شەڕی ئێستە لەگەڵ حیزبوڵڵا پێوەندیی بەو وڵاتانەیشەوە هەیە، چونکە ئیسرائیل خەریکی شەڕ لەگەڵ ئیدۆلۆژییەکی توندئاژۆیانەیە کە جگە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئورووپا و هەموو جیهانیشی خستووەتە ژێر مەترسییەوە".

سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا حیزبوڵڵای وەک گرووپێکی تێرۆریستی کە خەڵکی لوبنانی بە بارمتە گرتووە ناو برد و زیادیشی کرد کە کۆماری ئیسلامی ئەم گرووپە تێرۆریستییەی پڕچەک کردووە تاکوو هێرشێکی بەرفراوانتر لە هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات بەڵام ئیسرائیل بە کوشتنی هەموو فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپە لە کۆبوونەوەیەکدا پێشی بەم کارەساتە گرتووە.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانان لە هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی لقی "ڕێزوان"ی حیزبوڵڵا لە بەیرووت، ئیبراهیم عەقیل و ١٦ فەرماندەی باڵای دیکەی حیزبوڵڵایان کوشت.

ئیسرائیل لەهەوڵدایە تاکوو بە دوورخستنەوەی حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکان، دەیان هەزار خەڵکی ئیسرائیل کە ماڵەکانیان لەو ناوچانە بەجێ هێشتووە بگەڕێنێتەوە بۆ نێو ماڵەکانیان، حیزبوڵڵا پاش دەسپێکی شەڕ لە غەززە و ماوەی نزیک بە ساڵێکە کە ئەم ناوچانە مووشەکباران دەکات.