کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا سێ کەس و دامەزراوەیەکی ڕێژیمه ئێرانی خستە لیستی سزاکانەوە

12:28 - 13 خەرمانان 2724

 حکوومەتی بریتانیا بە هۆی چالاکیی ناسەقامگیری دژ بە ئیسرائیل، بریتانیا و وڵاتانی دیکە، سێ کەس و دامەزراوەیەکی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ماڵپەڕی حکوومەتی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانان، حەمید فازلی، عەبدولفەتاح ئەهوازیان و بێهنام شەهریاری ئەو سێ کەسەن کە لە لیستی سزا نوێیەکانی حکوومەتی بریتانیادان، و سەردان کردن و گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەیە، و هەروەها سەروەت و سامانیان لە لایەن بەریتانیاوە دەسبەسەردا گیراوە و بلۆکە کراوە.

بریتانیا ڕایگەیاند کە حەمید فازڵی و بێهنام شەهریاری بەهۆی ئەوەی کە پشتیوانییان لەو گرووپە چەکدارانە کردووە کە بەنیازن سەقامگیری ئیسرائیل تێک بدەن، لەو لیستەیەدان.

عەبدولفەتاح ئەهوازیان بەهۆی هەڕەشەکردن، پلاندانان و ئەنجامدانی چالاکی بە ئامانجی درووستکردنی ناسەقامگیری لە بریتانیا یان وڵاتانی دیکە بە مەبەستی تێکدانی یەکپارچەیی، خۆشگوزەرانی و ئاسایشی وڵاتان، خرایە لیستی سزاکانی لەندەنەوە.

هەروەها بە پشتبەستن بە سزا نوێیەکانی بریتانیا، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەروەت و سامانی یەکەی ٧٠٠ی سپای قودسی ڕێژیم لەم وڵاتەدا دەسبەسەر و بلۆکە بکرێت.

دامەزراوەی سپای قودسیش بە هۆی ئاسانکاری و پلاندانان بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێ دەکات و ئامانجیان ناسەقامگیرکردنی بریتانیا و وڵاتانی دیکەیە لەو لیستەیەدایە.

شایانی باسە عەبدولفەتاح ئەهوازیان کە لە لیستی سزا نوێیەکانی بریتانیادایە، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامییە و یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی قاسم سولێمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودس لە کاروباری غەززە بووە.

هەروەها بێهنام شەهریاری یەکێکە لە دەستوپێوەندییەکانی باڵای سپای قودسی سپای پاسدارانە کە لەگەڵ چالاکییەکانی سپیکردنەوەی پارە و قاچاغی نەوت لەلایەن سپای پاسداران و باسکی دەرەکی سپای قودس و هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان لە پێوەندیدایە و ساڵی ڕابردووش خرایە ناو لیستی سزاکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا و لەژێر سزاکانی پەیوەندیدار بە یاساکانی “دژی تێرۆریزم”دایە.

 

 ئاخرین کەس حەمید فازلییە کە ناوبراو پێنجەمین سەرۆکی ڕێکخراوی فەزایی ئێرانە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، و پێشتریش سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی فەزایی ئێران بووە و لە سەردەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدینژاد بۆ ماوەیەک وەک سەرۆکی ڕێکخراوی فەزایی ئێران دەستنیشان کرابوو و ئەو ڕێکخراوەیە هاوکاری و پێوەندییەکی قووڵ و نزیکی لەگەڵ سپای پاسدارن هەیە .