کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پزشکییان لە بەرەبەری سەفەر بۆ نیویۆرک، سیمایەکی ناڕاستی لە ئێران وێنا کردووە

11:42 - 2 رەزبەر 2724

مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەر بەمەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەڕێ کەوت و لەبەرەبەری ئەو سەفەرە بۆ ئێرانییانی نیشتەجێ لە ئەمریکا، سیمایەکی ناڕاستی لە ئێران وێنا کردووە.

٧٩هەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێشەممە ٣ی ئۆکتۆبەر تا شەممە ٧ی ئۆکتۆبەر بەڕێوە دەچێت و وەک هەمیشە سەرۆکی وڵاتان لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوە گشتییەدا کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و فرەلایەنە و میدیایییان دەبێت.

هاوکات لەگەڵ دوو شەڕی گەورەی سەدەی ٢١ لە غەززە و ئۆکراین، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستووری کۆبوونەوەی گشتیی ئەم قۆناغەی وەک "هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و گەشەسەندنی بەردەوام و کەرامەتی مرۆیی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو" ڕاگەیاندووە.

مەسعوود پزشکییان بە جەختکردنەوە لەسەر بەرنامەکەی بۆ دیدار و وتووێژ لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەمریکا، ئیدعای ئەوەی کرد کە "ئەو وێنەیەی کە میدیاکان لەبارەی ئێرانەوە دیخەنە ڕوو، ڕاست نییە و ئێران زۆر ئەمن و ئازادترە لەو وێنەیەی کە نیشان دەدرێت.''

مەسعوود پزشکییان بە ئاماژەدان بە دروشمەکانی قۆناغی هەڵبژاردن وتی ئێران هی هەموو ئێرانییەکانە، چ ئێرانییەکانی نێوخۆی وڵات و چ ئەوانەی وڵاتیان بەجێ هێشتووە".

پێشتر سەرۆککۆمارەکانی پێشووی ئێران لە سەروبەندی سەفەرەکەیان بۆ نیویۆرک بابەتی هاوشێوەیان وروژاندبوو. بەڵام به کردەوە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیرانییەکانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین هەمیشە پێچەوانەی ئەو قسانە بووە و زۆرێک لە ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لە کاتی سەفەرکردن بۆ ئێران ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە.

ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییانی خاوەن ڕەگەزنامە لە کاتی سەفەرکردن بۆ ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بە تاوانی وەک سیخوڕی تۆمەتبار کراون. زۆرێکیان موڵک و ماڵەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە یان بلۆکە کراوە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە نێوخۆی ئێراندا گوشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە ناچار بکەن بگەڕێنەوە بۆ ئێران.