کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە لە هەموو کات زیاترە

11:52 - 2 رەزبەر 2724

شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام خەریکە پەرە دەستێنێت و ناوچەگەلێکی زیاتر لە خۆ دەگرێت.

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە یەک ساڵ لە هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و دەسپێکی شەڕ لە غەززە، شەڕەکە بەردەوامە و جگە لە حەماس میلیشیاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش لە شەڕەکە تێوە گلاون.

لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ئیسرائیل لە چەند ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا توانی خەسارێکی قەرەبوونەکراو بە حیزبوڵڵای لوبنان و سەرەکیترین هێزی میلیشیای کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت.

ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی ئەندامانی حیزبوڵڵا لە دوو ڕۆژدا و هەروەها کوشتنی ١٧ فەرماندەی باڵای ئەو گرووپە لە هێرشێکی ئاسمانیدا، نە تەنیا شەڕەکەی بردە قۆناغێکی دیکەوە بەڵکوو شەڕی ئێلێکترۆنیکیشی لە جیهاندا بۆ یەکەم جار بردە ئاستێکی دیکەوە.

لەم پێوەندییەدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە ئەمانە بۆ ئەوە ئەنجام درا کە حیزبوڵڵا تێ بگات کە چیتر هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل و زیادیشی کرد "ئەگەر حیزبوڵڵا ئەم پەیامەی ئێمە تێ نەگات، کارێک دەکەین کە تێ بگات".

بەم پێیە بۆ یەکەم جار لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا شەڕەکە چووتە قۆناغێکی دیکەوە و چڕترین شەڕ و پێکدانەکان لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان ڕووی دا.

گرووپی حیزبوڵڵا لە وڵامی ئۆپەراسیۆنەکانی یەک حەفتەی ڕابردوو، بە زیاتر لە ١٢٠ مووشەک و ڕاکێت هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەک لە ئیسرائیل کە لە ئاکامدا چەند کەس بریندار بوون.

حەسەن نەسروڵڵا سەرکردەی حیزبوڵڵا سەبارەت بە کۆتایهێنان بە هێرشەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە تا کۆتایهاتنی شەڕ لە غەززە، هێرشەکانی ئەم گرووپەش بەردەوام دەبێت.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا لەهەوڵدایە تاکوو لە ڕێگەی دیپلۆماسی و وتووێژەوە چارەسەرێک بدۆزێتەوە و دوو لایەن بە ئاگربەست لە غەززە ڕازی بکات.

گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە یان بەردەوامبوونی شەڕەکە و پەرەسەندنی بۆ ناوچەکانی دیکە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا هەبێت.

دەوڵەتی بایدێن پاس تێپەڕبوونی ساڵێک لەم شەڕە سەرەڕای ئەوەی کە چەند جار ڕایگەیاند لە ئاگربەست نزیک بوونەتەوە بەڵام تاکوو ئێستا وادیارە کە هیچ سەرکەوتنێکی لەم بوارەدا بەدەست نەهێناوە.

لە بەرامبەریشدا ترامپ لە دیبەیتەکاندا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ببێتە سەرۆککۆمار بە زووترین کات ئەم شەڕە چارەسەر دەکات.

شەڕی غەززە لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە هۆی هێرشی تێرۆریستیی چەکدارانی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەستی پێ کرد کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٤٤ هەزار کوژراوی لە هەموو لایەنەکان لێ کەوتووەتەوە و زیاتر ١٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوونە.