کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دەیان کرێکار لە ڕووداوێکی دیکەی کانگاکانی ئێران/ تەنیا لە ماوەی ٦ مانگدا ١٣ ڕووداو لە کانگاکانی ئێران دەیان کەسی کردووەتە قوربانی

12:24 - 2 رەزبەر 2724

دزەکردنی گاز لە یەکێک لە کانگاکانی خەڵووزەبەردینەی ئێران لە شاری تەبەس سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور، زیاتر لە ٥١ کوژراو و دەیان بریندار و بێسەروشوێنی لێ کەوتەوە.

شەوی شەممە ٣١ی خەرمانان تەقینەوەیەک بەهۆی دزەی گازی مێتان لە یەکێک لە تونێلەکانی کانگای خەڵووزەبەردینەی تەبەس ڕووی دا کە ٥١ کرێکاری کانگاکە کوژران و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.

تیمەکانی فریاکەوتن لە هەوڵدان تاکوو ئەو کرێکارانەی دیکە کە بەشێک لە کانگاکە ڕووخاوە بە سەریاندا دەربهێنن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی لایەنە پێوندیدارەکانی ڕێژیم ٥٨ کرێکار لەو توونێلەدا بوون کە تەقیوەتەوە،بۆیە ئەگەری هەیە ڕێژەی کوژراوان لە ٥١ کەس زیاتر بکات.

ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی لەم چەشنە لە ئیراندا نووسیویەتی کە ئەمە ١٣ـەمین ڕووداوی لەم چەشنە تەنیا لە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کردووەتە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکانی ئێران ڕێژەیەکی کەم لە کانگاکانی ئەم وڵاتە ڕێوشوێنی پاراستن و بەریگریکارییان تێدا ڕەچاو کراوە و بەم هۆیەوە گیانی هەزاران کرێکار لەژێر مەترسیدایە.

نەبوونی کەرەستەی بەڕۆژ و پێویست، کەم ئەزموونی و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی دروست و پێویست هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی کانگاکان لە ئێران دێنە ئەژمار.