ساڵانە لە ئێران١٤٠ هەزار هەوڵی خۆکوژی هەیە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی تەنیا بەدواداچوون بۆ ٤٠ هەزاریان دەکات، واتە بە تەواوی وازیان لە ١٠٠ هەزار کەس هێناوە.
بە وتەی دەرونناس حەمید پەیڕەوی، دوای هەوڵدانی کەسێک بۆ خۆکوژی، دەبێت بۆ ماوەی دوو ساڵ بەدواداچوونی بۆ بکرێت، لەکاتێکدا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان تەنانەت پەیوەندی بەو کەسەوە ناکەن و ئەگەر پەیوەندییان پێوە کرد، ئەوە بەپێی پێشینەی ژیان و خێزانەکە یان خۆدی کەسەکە ئامادە نین وڵام بدەنەوە و هاوکاریی بکەن .
بە وتەی ئەو دەرونناسە لە ئێران سیستمی تۆماری خۆکوژی بوونی نییە؛ ئەم سیستمە بە جۆرێکە کە هەر کەسێک خۆی بکوژێت و بچێتە نەخۆشخانە لەو سیستەمە تۆمار دەکرێت و هەموو زانیارییەکان نوێ دەکرێنەوە.
مەهدی سابری، پزیشکی دەروونیی یاسایی وتوویەتی: یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی خەواندنی کەسەکان لە نەخۆشخانەکانی دەروونی، هەوڵی خۆکوژییە، بەڵام زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە نەخۆشانی دەروونی لە نەخۆشخانەکاندا خۆیان دەکوژن.
ناوبراو وتوویەتی، لە نەخۆشخانەی ڕازی، لە ماوەی ٥ ساڵدا، ٦٣ هەوڵی خۆکوژی تۆمار کراوە، کە یەکێکیان بووەتە هۆی مردن، هەروەها لە نەخۆشخانەی بەقیەڵڵا ٨٣ حاڵەتی خۆکوژی و لە نەخۆشخانەکانی سەر بە زانکۆی زانستی پزیشکی لە ساڵی ٩٨ دوو حاڵەت و لە ساڵی ١٤٠٠ حاڵەتێکی خۆکوژیی سەرکوتوو ڕووی داوە.
بە وتەی ئەو پزیشکە لە ٦٠ لەسەدی حاڵەتەکاندا خۆکوژیی نەخۆش لە نەخۆشخانە بەهۆی لێکۆڵینەوە نەکردن لە هۆکارە مەترسیدارەکان بووە، زۆرجاریش خۆکوژییەکان لە ڕێگەی خۆهەڵواسین بە مەلافەی خودی نەخۆشخانەکان ڕووی داوە، لە حاڵەتێکدا نەخۆشەکە تەنانەت بە نەواری پلاستیکیی پاکەتی شیرینی لە نەخۆشخانە هەوڵی داوە ئەم کارە بکات و هێندێک جاریش، مەترسیی ئەو ئامرازانەی لەبەر دەستی نەخۆشەکەدایە لەبەرچاو ناگیرێن.