هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەمەبەستی بەشداری لە کۆڕێ ساڵانەی ئەم ڕێکخراوە، کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی خۆی لەم بەشداریکردنەی پزشکییان دەربرێ.
کۆمەڵگەی بەهاییەکان لە بەیاننامەکەیاندا بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە وادە و بەڵێنییەکان هیچ کاریگەرییەکیان نییە، ڕایانگەیاند کە ئازار و ئەشکەنجە و سەرکوتی بەهاییەکان لە ئێراندا، پەرەی سەندووە.
پزشکیان لە کاتێکدا گەیشتووتە نیۆیۆرک کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سەبارەت بەوەی کە مافی هەموو کەمینەکان پارێزراو دەبێ، وادە و بەڵێنی زۆری بە خەڵکانی ئێران داوە.
کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەزبەر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە هەندێ لە وتەکانی پزشکییان سەبارەت بە ڕێزگرتن لە یەکتر وەکوو یەکێک لە پرەنسیپەکان بۆ گەشەکردن کراوە کە هاوکات لەگەڵ ئەم وتە و ئیدعایانە، لە کۆماری ئیسلامیدا مەودایەکی زۆر لە نێوان بەڵێن و کردەوەدا هەیە، بەتایبەت سەبارەت بە ئازار و سەرکوتی بەهاییەکان.
سیمین فەهەندژ، نوێنەری کۆمەڵگەی بەهاییەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، ڕایگەیاندووە کە ئێمە پێمان خۆشە بە گەشبینییەوە لە وتەکانی پزشکییان بڕوانین، بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوو و ئێستا، دەبێ زیاتر سەرنجی کردەوەکە بدەین، چونکە وادەکان هێشتا گۆڕانێکیان لە ژیانی بەهاییەکاندا دروست نەکردووە و ئاسەواری ئازار و سەرکوت بەردەوام گەورەتر لەوە دەبێتەوە کە چاوپۆشیی لێ بکرێ.
فەهەندژ بە ئاماژە بەوەی کە ئامانجی ڕێژیم لەنێوبردنی کۆمەڵگەی بەهایی وەکوو کۆمەڵگەیەکی زیندوویە، کۆماری ئیسلامیی بە دەسەڵاتێک ناو برد کە لە یاسای بنەڕەتی و هەموو یاسا و سیاسەتەکانی خۆیدا دژی بەهاییەکان هەڵاواردنی سەپاندووە و بە شێوەی فەرمی یاساوڕێسا و شێوەکاری سەبارەت بە پرسی بەهاییەکان جێگیر کردووە.
کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی هەروەها بە ئاماژەکردن بە وتەکانی پزشکییان سەبارەت بە "تریبوونی بیرکردنەوەی ئازاد" لە زانکۆکان باسی لەوە کردووە کە هەزاران لاوی بەهایی زیاتر لە ٤ دەیەیە کە بێڕەحمانە و بە شێوەی سیستماتیک لە چوونە زانکۆ بێبەش کراون یان لە زانکۆکان دەر کراون.
هاووڵاتییانی بەهایی ماوەی ٤٥ ساڵە کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر گوشار و سەرکوتی سیستماتیکدان.