هاوکات لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی وەرزێكی نوی لە خوێندن لە شارەکانی کوردستان و ئێران، داڕمانی میچی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە ورمێ برینداربوونی دوو قوتابیی لێ کەوتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەیەکی دواناوەندیی ورمێدا، داڕمانی میچی پۆلەکە، بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس لە قوتابییەکان.
دوابەدوای بەمیدیاییکرانی ئەم هەواڵە، پەروەردە و بارهێنانی ورمێ لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردکە قوتابییە بریندارەکان پاش ڕووداوەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و دوابەدوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە مورەخەس کراون.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە نوێنەری وەزیری پەروەردە و بارهێنانی پارێزگاکە چاوی بە شوێنی ڕووداوەکە کەوتووە و بڕیاری چاککردنەوەی قوتابخانەکەی داوە.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە پێشتر لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا، میدیاکان باسیان لە ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شاهێدی ورمێ کرد کە بەم هۆیەوە ١٨ کەس بریندار بوون.
پێشتر بەرپرسی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ٣٠ لەسەد لە ١٠٤ هەزار پۆلی خوێندن لە ئێراندا، پێویستیان بە ڕووخان، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە یان بەهێزکردنەوە هەیە.
خراپی، داڕووخان و وێرانبوونی قوتابخانەکان لە ئێران لەکاتێکدایە کە ڕێژیم و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە جیاتی گرینگیدان بەم لایەنە و پاراستنی گیانی قوتابییان، بوودجەی تەرخانکراو بۆ قوتابخانەکان بە مەبەستی گونجاندنی بابەتی ئیدئۆلۆژیک لە کتێبە دەرسییەکان خەرج دەکەن.