کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەڵەی ڕەش

15:56 - 13 خەرمانان 2724

شەماڵ تەرغیبی

بە فەرمان و بڕیاری ئایەتۆڵڵا خومەینی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران كە لە دوایین ڕۆژەكانی ژیانی خۆیدا دەری كرد ‌و لەڕاستیدا درێژكراوەی فەرمانی بەدناوی جیهادی ناوبراو بوو، گەورەترین كوشتاری بەكۆمەڵ ئەویش لە گیراوە سیاسییەكان دەستی پێ‌كرد. لە ماوەیەكی كورتی چەند مانگەدا چەند هەزار كەس لە نەیاران ‌و جیابیرانی دەسەڵاتی ئیسلامی كە بەشێكی زۆریان چاوەڕوانی ئازادبوونیان دەكرد، لە بێدادگا چەند خولەكییەكانی ڕێژیمدا سزای ئێعدام كردنیان بۆ دەركرا‌ و لەناكاو لە سێدارە دران.

قۆناخی یەكەمی ئەم كردەوە دڕندانەیە لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاویدا دەستی پێ‌كرد‌ و لە مانگی خەرماناندا گەیشتە چڵەپۆپە ‌و هەتا پاییزی ئەو ساڵە درێژەی كێشا‌ و تەنانەت بەشێكیان وەرزی زستان ئێعدام كران. بەشێكی بەرچاو لەم قوربانییانە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا نێژران‌ و شوێنی نێژرانیان واتە "خاوەران" تا ئێستاش لە كەسوكاری لە سێدارەدراوەكان شاردراوەتەوە.

هاوینی ساڵی ١٣٦٧، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی، دوای هەشت ساڵ شەڕی ماڵوێرانكەر لەگەڵ ڕێژیمی بەعس ناچار بە فڕکردنی جامی ژەهر بوو ‌و بە شێوەیەك لە شێوەكان شكستهێنانی لە شەڕدا قەبووڵ بكات. ئەوە كاریگەریی پتری لەسەر ورەی ڕێژیم‌ و دڕندەخوویی زیاتری شەخسی خومەینی دانا، هەر بۆیە لە هەوڵدا بوون ئەم شكستە قەرەبوو بكەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە فەرمانێكی ڕەشبیرانەدا، بێڕەحمانە‌ و بە دڵڕقییەكی لەڕادەبەدەر هەزاران لاوی ئازادیخوازی لە بێدادگاكانی خۆیدا گوللەباران كرد. هۆكاری سەرەكیی ئەم زنجیرە ئێعدام كردنانە كار‌وكردەوە ‌و هەرەسهێنانە یەك لە دوای یەكەكانی ڕێژیم بوو.

ئەوە ڕاستییەکی سەلماوە کە گرتن‌ و ئەشكەنجە‌ و كوشتار ‌و قەڵتوبڕی خەڵك لە لایەن ڕێژیمەوە دیاردەیەكی نوێ ‌‌و جێگەی سەرسووڕمان نییە، ئەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە دەسەڵاتدارانی ئەم حكوومەتە ئاسمانییە تانوپۆی لەگەڵ تاوان‌ و كۆمەڵكوژی تەنراوە‌ و بە تەواوەتی لەگەڵ هەرچەشنە دڕندەییەك ئاوێتە بووە. ئێستاش پاش ٣٦ ساڵ لە تێپەڕینی ئەم كارەساتە، تینوویەتیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بە خوێنی بەندكراوانی سیاسی نەشكاوە‌ و كوڵی مرۆڤكوژییان دانەمركاوە. ئێستاش ڕۆژ نییە گرتن‌ و ئەشكەنجە ‌و ئازار، لە سێدارەدان، بێ‌رێزیكردن‌ و دەستدرێژیكردنە سەر بەندكراوەكان لە ئێرانی ژێر حوكمی ئاخووندیدا ڕوو نەدەن.

رێژیم بە تەما بوو بە پاكسازیكردنی زیندانەكان لە ڕێگەی ئێعدامكردنی بەكۆمەڵی ئەوانەوە، وا بنوێنێ‌ كە پاش شەڕ لەگەڵ عێراق‌ و كێشەی نێوخۆیی سەرانی دەسەڵاتدار، لە ئێراندا هیچ چەشنە كێشە ‌و ئاریشەیەك لە ئارادا نییە. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەتا ئەمڕۆش ڕەوتی دەستبەسەركردن ‌و بێ‌سەر‌وشوێن كردن‌ و لەسێدارەدانی خەڵك لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا هەر بەردەوامە ‌و، لە بەرانبەردا چالاكانی سیاسی‌ و مافەكانی مرۆڤ زیاتر سوورن لەسەر درێژەدانی خەبات، خەباتێك كە ڕێژیم ناتوانێ‌ بە هیچ شێوەیەك سەركوت ‌و بێدەنگی بكات. ئەم خەباتە بە چەشنێك كەوتۆتە سەر پێ‌ كە تا سەركەوتن‌ و دابینبوونی ویستەكانی هێور نابێتەوە. لەڕاستیدا دەبێ‌ بڵێین سەرانی ڕێژیم وێنایەكی ئەوتۆیان هەبوو دەنگی ئازادیخوازی ‌و جیابیری بۆ هەتاهەتایە لە ئێران كپ دەكەن، بەڵام هەر ئەو گرتووخانانەی كە ٣٦ ساڵ لەمەوبەر بە لەسێدارەدانی چەند هەزار كەس چۆڵ كران، ئەمڕۆ هەموویان بە بەندكردنی ڕۆڵە ئازادیخوازەكان ئاخنیون، ئەویش ئەوەیكە لەو گرتووخانەگەلەدا چی ڕووی دا‌ و بارودۆخی دەستبەسەركراوان بە چ شێوەیەكە، بە جێگای خۆی. سەیر لەوەدایە كە قاتڵان‌ و بەڕێوەبەرانی قەتڵەكانی دوێنێ ‌‌و یەك لەوان كوشتاری زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧، ئێستا بە وەڕێخستنی شانۆگەرییەکانی وەک هەڵبژاردن ‌و شەڕی دەسەڵات ‌و پێشبڕكێی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت ‌و سامانی خەڵك‌ و داكۆكیكارانی گەڕانەوە بۆ بنەماكانی خومەینیزم لە هەوڵی خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنن غافڵ لەوەیکە خەنەیان لای خەڵک ڕەنگی نەماوە.

ئەوەیکە ڕوونە و ناشاردرێتەوە لەڕاستیدا ئەو کەتوارەیە کە ڕەوتی ئازادیخوازی لە هیچ شوێنێکی دنیا بە کوشتن و خوێنڕشتن دانەمرکاوە و بەپێچەوانەوە مێژوو سەلماندوویەتی کە دواجار ئەوە لایەنی ڕووناکییە کە زاڵ دەبێ بەسەر ڕەشایی و تاریکیدا.