کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو لە نیشتماندا سەوز دەبێ و دەڕوێتەوە

09:54 - 3 رەزبەر 2724

ئەو لە نیشتماندا سەوز دەبێ و دەڕوێتەوە (شەهید تۆفیقەڕەش)

برایم چووکەڵی

ئەوانەی له‌ پێناو وه‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌ پیرۆزەکانی نەتەوەیەکەیان ڕاپه‌ڕیون بیریان له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ خۆیان هیچ كات به‌رووبوومی‌ ئه‌م داره‌ پیرۆزه‌یان پێ نەبڕێت، كه‌چی‌ دیسانیش به‌ تین‌وگوڕتر له‌ جاران ئەو ڕێگه‌‌ سه‌خت و پڕ كه‌ندولەند ‌و هه‌ڵدێر و گه‌وە‌یان بڕیوه‌؛ چونكی‌ ئه‌م مرۆڤانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ڕانه‌په‌ڕیوون خۆیان وه‌ك تاكه‌كه‌س ئازاد بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وان به‌ مه‌به‌ستی‌ ئازادكردنی‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ بنده‌ست و چه‌وساوه‌كه‌یان ڕێگه‌ی‌ خه‌بات و به‌ر خۆدانیان گرتۆته‌ پێش.

ناوچەی هەورامان مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵەکانی ئەو مەڵبەندە وێرای ناوچە جۆربەجۆرەکانی دیکەی کوردستان لە سەنگەری حیزبی دێموکراتدا قۆڵیان لە دیفاع لە خاک ‌و نیشتمان لە بەرانبەر دوژمن هەڵماڵیوە و زۆر ئازایانە داکۆکییان لە ئاو‌ و خاکی نیشتمان کردوە و زۆر ڕۆڵەی ئازا و قارەمانیان لەو پێناوەدا گیانی خۆیان بەخت کردوە کە بە داخەوە هێشتا ئەو دەرفەتە بۆ زۆربەی زۆریان نەڕەخساوە، تا ڕۆڵەکانی نەتەوەکەیان بەو جۆرە پێویستە، بیانناسن. شەهید تۆفیق کامکار ناسراو بە "تۆفیقە ڕەش" یەک لەو قارەمانانەیە.  

شەهید تۆفیق ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی لە ئاوایی "نودشە"ی هەورامان لەدایک بوو. تەمەنی منداڵیی وەک هەموو منداڵانی سەردەمی خۆی تێپەڕ کرد. ئەویش وەک زۆر لە هاوتەمەنەکانی لەبەر نەبوونی قوتابخانە لە بەهرەی خوێندن بێبەش بوو. قۆناغەکانی مێرمنداڵی و لاوەتیی بە یاریدەدانی بنەماڵەکەی لە کاری وەرزێری و باخەوانیدا تێپەڕ کرد. ژیانی سەخت و زۆری دەربەگایەتی، لەو سەردەمدا تۆفیقی تازە پێگەویشتووی لەگەڵ ڕوحی خەبات و بەربەرەکانی دژی ستەم و زۆرداری ئاشنا کرد؛ ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران هەموو دەنگێکی ئازادیخوازیی لە ئیران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی کپ کردبوو.

ژیانی لاوەتیی تۆفیق لەو قۆناغە ناخۆشەدا هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەرینی تیکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە ساڵەکانی ١٣٤٦ -١٣٤٧ی هەتاوی کە ڕووناکیی خستە نێو دڵ و دەروونی تۆفیقەڕەش و   پێوەندیی بە کادرەکانی ئەوکاتی حیزب گرت. هەر لە یەکەم چاوپێکەوتندا قۆڵی هیمەت و هاوکاریی لەگەڵ ئەو خەباتکارانە هەڵماڵی و بەڕەسمی بووە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان. تۆفیقەڕەش بۆ بەڕێوەبردن و ڕاپەراندنی ئەرکەکانی، بە ئیمان بە ڕزگاریی نەتەوەکەی لەژێر ستەم و چەوسانەوەی ڕێژێمی پاشایەتی و نۆکەرانی ئەو ڕێژیمە لە هیچ فیداکاری و ئەرک‌وەخۆگرییەک سڵی نەکرد.

پاش سەرکوتکردنی شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦ -٤٧ ناوبراو هەروا بە ئیمانی قایم بە شیوەی نەهێنی درێژەی بەکاری سیاسیی خۆی دا. بەڵام ساواک و دەست‌وپێوەندییەکانی ڕێژیمی شا لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاویدا گرتیان و بەندیخانەی کرماشانیان پەستاوت. سەرەڕای ئەشکەنجەی زۆر، لە ئاست جەللادەکانی‌ ساواکدا بەچۆک دانەهات و حازر نەبوو نەهینییەکانی حیزب بدرکێنێ. ئەو ماوەی ٤ ساڵ بەند کرا و پاش ئازاد بوونی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی دەستی پێ کرد، بەڵام وازی لە حیزبەکەی و بیروباوەڕەکانی نەهێنا و پێوەندی بەتەشکیلاتی حیزب گرتەوە.

 لەگەڵ دەست پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران هیوا و هۆمیدی زۆر کەوتە دڵی تۆفیقی کامکار و چالاکانە بەشداریی لە ڕێپێوانەکانی دژی ڕێژێمی پاشایەتیدا کرد. پاش سەرکەوتنی شۆڕش و ئاشکرا بوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە دامەزرانی بنکە و ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی هەورامادان ڕۆڵی گرینگی گێڕا و وەک فەرماندەری لک لە هێزی شاهۆ دیاری کرا. ئەو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا وەک فەرماندەرێکی ئازا و خاوەن بەرنامە و تاکتیک تواناکانی خۆی سەلماند و لە گرتنی بنکە و پێگە نیزامییەکانی ڕێژێم، لە دانانەوەی کەمین و لە هێرشبردن بۆ سەر هێزی پەلاماردەر، و لە بەرنگاربوونەوەی هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکاندا ڕۆڵی کارامەی خۆی گێڕا. تۆفیق لەو ماوەیەدا چەند جار بریندار بوو و تەنانەت جارێک لەلایەن خۆفرۆشانەوە پیلان بۆ تێرۆرکردنی دانرا، بەڵام بەهۆی ئازایەتی و وشیاری بە برینداری ڕزگاری بوو. تۆفیقەڕەش هەموو جاری پاش سارێژبوونەوەی برینەکانی بەگوڕتر لە پێشوو دەگەرایەوە سەنگەری بەرگری. بە فەرماندەهی تۆفیق کامکار زۆر لە پەلامارەکانی دوژمن تێک شکا و چەندین کەمین لێک بڵاو بوون و دوژمن زەبری گورچکبڕی لێ کەوت. بەڵام بەداخەوە زۆر نەژیا تا خزمەتی زیاتر بە گەل و نیشتمان بکا.

 ڕۆژی ٢٠ی پووشپەری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی کۆماری ئیسلامی بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی پیشمەرگە دا. تۆفیقەڕەشی قارەمان کە چەندین جار لەگەڵ دوژمن دەست‌وپەنجەی نەرم کردبوو، ئەمجارەش لە نێوان نەوسود و پاوە لە تۆنێلی دووئاو سێ ڕۆژ بەربەرەکانیی لەگەڵ هێزی زۆر و پۆشتە و پەرداخی دوژمن کرد و جارێکی دیکە بە هەڵمەت و فیداکاریی خۆی دەرسێکی لەبیرنەکراویان بە دوژمن دا. پاش سێ ڕۆژ بەربەرەکانی و خۆراگری بەداخەوە تۆفیق کامکار لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەردا کەوتە بەر گوللەی داگیرکەران و گیانی بە نیشتمان بەخشی.