بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکانی ئێران ژمارەی بریندارانی تەقینەوەکانی شارۆچکەی پیشەیی "فەجر"ی گەرمسار لە پارێزگای سمنان گەیشتە ٢٥ کەس.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر لە کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی ڕۆنی پاڵێوراو، سەرەتا دوو تەقینەوەی بەهێز ڕووی دا و پاشان بەهۆی پەرەسەندنی ئاگرەکە چەند تەقینەوەیەکی دیکە ڕووی دا و ئاگرەکە پاش زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان زۆربەی بریندارانی ئەم ڕووداوە لە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بوون و چەند کرێکاری کارخانەکەش تووشی سووتانێکی زۆر بوونە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی کوژراوانی تەقینەوەی کانگای خەڵووزەبەردینەی تەبەس بەردەوام خەریکە زیاتر دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی ڕێژیم تاکوو ئێستا ٣٨ کرێکار کوژراون و ١٤ کەسی دیکەش لەنێو ئەو توونێلەدا کە تەقیوەتەوە ماونەتەوە.
سەرچاوەکانی ڕێژیم لە کاتێکدا قوربانییانی ئەم ڕووداوەیان ٣٨ کەس ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی ڕابردوو هەواڵدەریی تەسنیم ڕێژەی کوژراوانی ٥١ کەس ڕاگەیاندبوو.