کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاری پزیشکییان لە بابەت ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

10:58 - 3 رەزبەر 2724

مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکانی ئەمریکا لە نیویۆرک، ئیسرائیلی بە هۆکاری پەرەپێدانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار کرد و وتیشی کە ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئێران بەرەو ململانێیەکی فراوانتر ڕابکێشێت تەڵەی داناوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، ئاماژەی بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران کرد و وتیشی کۆماری ئیسلامی بێگومان وڵامی ئەو کارەی ئیسرائیل دەداتەوە و بەڵام تاران نایهەوێت هۆکاری ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەکە بێت.

ناوبراو لەم دانیشتەدا لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ئاشتی و وەلانانی شەڕ کرد و وتی : ''کۆماری ئیسلامی ئامادەیە هەموو چەکەکانی خۆی دابنێت ئەگەر ئیسرائیلیش هەمان کار بکات.''

ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناردنی چەک بۆ ڕووسیە بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرایندا بەکار بهێنرێت، ئەم بابەتەی ڕەت کردەوە و وتی: ''بۆچی لە جیاتی قسەکردن یەکتر بکوژین؟''

پزشکییان لە وڵامی پرسیار لەسەر بەرنامەی ناوکی وتی، ئەگەر ڕێککەوتنی ناوکی دووبارە دابمەزرێتەوە، ئێران ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم کەم دەکاتەوە.

قسەکانی مەسعوود پزیشکییان لە بابەت ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە لەحاڵێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران بە دەیان میلیارد دۆلاری بۆ تەیارکردنی گرووپە میلیشاکان تەرخان کردووە و دەیان فەرماندەی سپای پاسدارانیشی لە وڵاتانی سووریە، لوبنان، عێراق و یەمەن کە وەک ڕاوێژکار و دارێژەرەی پلانی شەڕ چالاکییان هەبووە، لێ کوژراوە.

هەروەها کۆماری ئیسلامی بەهۆی دەستێوەردان و ناسەقامگیری لە ناوچەکە بەردەوام لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە مەحکووم کراوە و گەمارۆیەکی زۆری خراوەتە سەر.