ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، فیراس ئەلابیز وەزیری تەندروستیی لوبنان لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تا ئێستا ٢٧٤ کەس کوژراون و ١٠٢٤ کەسیش بریندار بوون، و ژنان، منداڵان و کادری پزیشکیش لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا هەن.
هەروەها وەزیری تەندروستیy لوبنان ڕایگەیاندووە کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان و ئەمبولانسەکان کراونەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی ٨٠٠ ئامانجی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە ئەو باڵەخانانەی کە حیزبوڵڵا مووشەک و ڕاکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ژێرخانی تیرۆریستیی تێدا حەشاردابوو کراونەتە ئامانج.
لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە تا ئیستا واتە ڕۆژێک دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حیزبوڵڵا کە هاوپەیمانی حەماسە، لەگەڵ ئیسرائیلدا بەردەوام خەریکی ململانێی سەربازی بوون و هەوڵیان داوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پاشەکشێ بە یەکتر بکەن.
لەم پێوەندییەدا بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، خەریکی گۆڕینی"هاوسەنگی هێز" لە بەرەی باکوور، واتە لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانن و جەختی کردەوە کە بەڵێنم داوە هاوسەنگیی ئەمنییەت و هاوسەنگیی هێز لە باکوور بگۆڕم و ئەمەش ڕێک ئەوە کارەیە کە دەکەین.
شەڕ و پێکدادانەکانی بێوێنەی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل چەند ڕۆژێک دوای قسەکانی، یۆئاو گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەستی پێکرد کە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە قۆناغێکی نوێی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵا نزیک دەبێتەوە.
هەروەها لە بەرانبەردا، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕێگری ناکات لە درێژەدان بە هێرشەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل تا ئەو کاتەی ئاگربەست لە غەززە ئەنجام دەدرێت.
بەڵام ناوبراو دانی بەوەدا ناوە کە ئەو گرووپە دوای هێرشی دوو ڕۆژە بۆ سەر پەیجێرەکان و تێرۆرکردنی هەندێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا لە ڕۆژی هەینیدا گورزێکی سەختیان بەرکەوتووە.
هێرشەکانی ئیسرائیل لە ڕووی مێژووەوە لە دوای شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٦وە بێوێنە بووە و هێزەکانی ئیسرائیل لەو شەڕەدا بەشێکی زۆری لوبنانیان وێران کرد کە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و دەریایی و زەوینی لەخۆ گرتبوو. لەو کاتەدا زیاتر لە ١١٠٠ لوبنانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژران، لەو ژمارەیەش نزیکەی ٢٥٠ کەسیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون.