کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی پچڕانی کارەبا لە ئیران و لێکەوتەکانی

11:54 - 3 رەزبەر 2724

ناتەرازی کارەبا لە ئێران هەموو ساڵێک لە وەرزی گەرمادا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات. هاوینی ئەمساڵ، ئێران تووشی نزیکەی ١٩ هەزار و ٧٠٠ مێگاوات ناتەرازی کارەبای بوو، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە کەرتی پیشەسازی و ماڵاکاندا.

بە وتەی عەباس عەلی ئابادی وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران، نزیکەی ١٩ هەزار و ٧٠٠ مێگاوات ناتەرازیی بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە، کە هاوتایە لەگەڵ کۆی بەکارهێنانی کارەبا لە دوو وڵاتی دراوسێیدا.

پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە وەرزی هاویندا نەک هەر زیانێکی قەرەبوونەکراوەی بە پیشەسازی و ئابووری گەیاندووە، بەڵکوو لە بنەماڵەکانیشی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی بووەتەوە.

بە وتەی کارناسان، قەرزی قورسی دەوڵەت بە کەرتی تایبەت، نەبوونی وەبەرهێنانی نێوخۆیی و دەرەکی، قۆرخکاری کڕینی کارەبا، کەمی کارایی و داپڕووکانی وێستگەکانی کارەبا، بەفیڕۆدانی کارەبا، بەکارنەهێنانی وێستگەکانی کارەبای سووتەمەنی نوێبووەوە، هاوکات لەگەڵ خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێرانن. بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم هیچ بژاردەیەکی تریان نەبووە جگە لە سنووردارکردن و بڕینی کارەبا بۆ کەرتی ماڵان و پیشەسازی.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پچڕانی بەردەوامی کارەبا زیانی قەرەبوونەکراوی بە کەرتی پیشەسازی گەیاندووە، لەکاتێکدا پێش دەسپێکردنی وەرزی هاوین، کاربەدەستان ڕایانگەیاندبوو کە هیچ پلانێکیان بۆ پچڕانی کارەبا لە کەرتی پیشەسازیدا نەبووە و تەنیا سنووردارکردنیان لەکاتی بەکارهێنان جێبەجێ کردووە.

وەستانی هێڵی بەرهەمهێنان، دابەزینی بەهای ئامێرەکان، بەفیڕۆدانی کەرەستەی خاو، بێکاری و دەرکردنی کرێکاران، بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمی کۆتایی، پەککەوتنی زنجیرەی بەرهەمهێنان و پەککەوتنی پلانەکانی کار لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی کەرتی پیشەسازییە کە بەهۆی زۆربوون پچڕانی هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها پچڕانی بەردەوامی کارەبا زیانێکی زۆری بۆ بنەماڵەکان بەدوای خۆیدا هێناوە. هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بە تێکچوونی ژیانی ڕۆژانە و لەکارکەوتنی ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەوە بە هۆی پچڕانی کارەباوە دەکەن.