پاش تەقینەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی حیزبوڵڵای لوبنان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لە قەدەغەکردنی ئامێرەکانی پێوەندیگرتن لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ ئەندامەکانی کردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران پاش تەقینەوەی پەیجێر و بێسیمەکانی حیزبوڵڵا، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی بەمەبەستی پشکنینی هەموو ئامێرەکانی پێوەندیگرتن و تەنانەت کەرەستە ئێلێکترۆنیکییەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە دەست پێ کردووە.
ئامانجی سپا لەم پشکنینانە دۆزینەوەی هەر چەشنە دزەکردنی مووساد لەم ئامێرانەدایە و هەروەها بەکارهێنانی هەر چەشنە کەرەستەیەکی پێوەندیگرتنی بۆ ئەندامەکانی قەدەغە کردووە.
ئەم سەرچاوە بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە زۆربەی ئەم ئامێرانەی کە لە دەستی سپای پاسداراندایە لە وڵاتانی چین و ڕووسیەوە هاوردە کراون و هێندێکیشیان بەرهەمی خودی ئێرانە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سپای پاسداران جگە لە پشکنینی ئامێرە ئێلێکترۆنیکییەکان هەڵمەتێکی دیکەشی بۆ پشکنینی هەژماری بانکی و هاتوچۆکانی ئەندامانی بۆ وڵاتانی دەرەوە دەست پێ کردووە تاکوو بتوانێت دەستوپێوەندییەکانی مووساد لە نێو ئەندامەکانی بدۆزێتەوە.
بەرپرسێکی دیکەی ڕێژیم بە ڕۆیتێرزی وتووە کە ترسی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی، دامەزراوە ناوکی و مووشەکییەکانییەتی و نیگەرانی ئەوەیە کە ئیسرائیل بتوانێت بە جۆرێک لەم شوێنانەدا دزە بکات.
جگە لە سپای پاسداران میلیشیاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پشکنینی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنیان دەست پێ کردووە و بەشێکی زۆر لە ئامێرەکانیان وەڵا ناوە.
گرتنەبەری ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان لەلایەن سپای پاسداران و میلیشیاکانییەوە پاش تەقینەوەی ئامێرەکانی پێوەندیگرتنی ئەندامانی حیزبوڵڵا لە لوبنان و سووریە بوو کە بەو هۆیەوە ٣٧ کەس کوژرا و هەزاران کەس لە ئەندامانی ئەم میلیشیای سەر بە کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.