سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، ئەمیرحوسێن حەقجوویان، خاڵۆزا و هاوڕێی ڕەزا ڕەسایی، ناڕازیی لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی کوردپا، هێزەکانی ڕێژیم سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کارەکەی ئەمیرحوسێن حەقجوویان لە کەمەربەندیی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان و دەسبەسەریان کردووە.
سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیرحوسێن حەقجوویان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا ڕەسایی لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا.
تەرمی ناوبراو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە گۆڕستانی "میناباد"ی کرماشان کە زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شوێنی نیشتەجێبوونی دوورە، تەنیا بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی ئایینی یاری بەخاک سپێردرا و بتۆنی بەسەردا کرا.