کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن

11:12 - 4 رەزبەر 2724

بە ناوی "ژن، ژیان، ئازادی"

 

خوێندکارانی ئاگا و وریای کوردستان!

قوتابییان، داهاتووەکانی نیشتمان!

ئێوە لە قۆناغێکدا پێ دەنێنە ساڵی نوێی خوێندن و دەچنە زانکۆ و زانستگە و قوتابخانەکان، کە جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوین و نێوخۆی ئێران بە قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، کە ئەم گوزەرە شەڕی هێژمۆنی، ئابووری و ئەمنیی نەزمی کۆن بە تەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە و ئاراستەیەکی نوێ بە نەزم و بلۆکبەندییە نوێیەکان بەخشیوە کە شەڕی شوناسی نەتەوەیی و ئایینی براندی سەرەکیی ئەم نەزمەیە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە پشتیوانیکردنی لە تێرۆریزم، توندڕەوی ئایینی، هەناردەکردنی شۆڕش، یارمەتیدانی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین، هاندان، پشتیوانی و یارمەتی ماڵی، لۆجێستیکی و .... لە شەڕی غەزە بۆ حەماس، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن وەک سەری مارەکەی لێ هاتووە و لەپێناو ڕاگرتنی ئارامیی نێو ماڵی خۆی بەشێکی سەرەکیی لە وڵاتانی ئیسلامی ـ عەرەبی لە ڕێگای هێزە پرۆکسییەکانی تووشی شەڕ و ماڵوێرانی کردووە و کوشتار و ماڵوێرانی سیمای زاڵی ئەم ناوچەیەیە.

لە نێوخۆیی ئێرانیش زۆرترین سەرکوتی سیستماتیکی لە گشت ڕەهەندەکاندا دژی نەتەوە غەیرەفارسەکان (بە تایبەت کورد و بەلووچ) و ئایینیەکان (بەهائی، زەردەشتی و ...) گرتۆتە بەر و لە کۆی سێکتەرەکان تووشی قەیرانگەلی ڕەوایی، کارامەیی و لێهاتوویی هاتووە، کە لە خانەی دەوڵەت/سیستمە تێکشکاوە داڕووخاوەکان پێناسەی بۆ دەکرێت.

هەموو ئەو بەها و ئارمانجانەی ٤٥ ساڵ لەمەوبەر گەلانی ئێرانی لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی خەباتیان بۆ کرد و لەلایەن ئاخوندەکانەوە بەتاڵان بردران، لە ئێستەدا بەها و بایەخی دژە نۆرمیان بەخۆ گرتووە.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادیـ"ـدا کە ژنان، لاوان و خوێندکاران پێشەنگایەتیی ئەم بزووتنەوە شوناسخوازانەیان دەکرد، ویستی ئازاد ژیان، بەختیاری و سەربەستی وێردی سەر زمانی تێکۆشەرانی شەقام بوو و یەکدەنگ و دوورنواڕ

کۆشکی دیکتاتۆریزمی جەمارانیان بە ئامانج گرتبوو و بەحەق نیشانیان دا  ڕۆڵەی وەفاداری ئارمانجە پیرۆزەکەیانن و فاشیزم و ڕاسیزمی نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامییان لە گشتیەتی خۆیدا ڕەت کردەوە، کە ئاخێزگەی ئەم ڕاپەرینە شکۆمەندە، کوردستان بوو کە ژنان، لاوان و خوێندکارانی ڕووناکبیر و پێگەیشتوو پێشڕەوی بوون.

لەمێژە لە کوردستان گوتارێک لە نەستی خوێندکاری کوردستاندا زاڵە کە دەڵێت: زانکۆ سەرنگەری ئازادیخوازانە.

لەسەر ئەم بنەما دروستە، وایە کە ئێوەی خوێندکارانی نیشتمانپەروەر خاوەنداریەتی لەم مانیفێستە بکەن و بیکەنە چرای تێکۆشان دژی ڕێژیمی دیکتاتۆر و فاشیست کە ئێوە و نەتەوەکەتانی لە سەرەتاییترین مافی مرۆییتان بێبەش کردووە و پێویستە ئێوە دیپلۆماتکاری چاند، کولتوور، زمان و شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیتان لە نێو خوێندکارانی زانکۆ و زانستگاکاندا بن و لەسەر ئەساسی بڕوامەندیتان بە تۆلێرانس و پلۆرالیزم، هاوخەبات لەنێو خوێندکارانی نەتەوەکانی دیکە بۆ خەبات دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەیدا بکەن.

زانکۆ بکەنە سەنگەری بەرخۆدان و گیانفیدایی بۆ ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری و بە ڕۆشەنگەری سەرقافڵەی کۆمەڵگا بۆ بەگژداهاتنی ڕێژیمی ئاخوندی بن.

ئەندێشە و کرداری ڕێبەری  شەهید سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی لە شەوەزەنگی چەوساندنەوە، زۆرداری و پاوانخوازیدا بکەنە ڕێنوێنی تێکۆشانی بێوچانتان و بە ڕۆح و عەقڵیەتی "بەرخۆدان ژیانە" ئەرک و ڕاسپاردەی نیشتمانتان جێبەجێ بکەن.

سەرکەوێ پێنووس و هزری ڕزگاریخوازی!

بڕووخێت کۆشکی ستەم و بێدادی!

 

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

٤ی ڕەزبەری ۱٤۰۳ هەتاوی