کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٠ ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوو لە مەریوان و سەوڵاوا

13:19 - 4 رەزبەر 2724

ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان، بە مەبەستی خستنەڕووی هەوڵە دژەژینگەییەکان لە کوردستان، ئامارێکی لە ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە مەریوان و سەوڵاوا لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەوە ئامارەی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوانەوە بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣وە هەتا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، ٢٠٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە مەریوان و سەوڵاوا ڕوویان داوە.

بەپێی ئەم ئامارە یەکەمین ئاگرکەوتنەوە لە ١٤ی خاکەلێوەدا و لە ئەسراواوە دەستی پێ کردووە.

ئەنجومەنی سەوز چیا پێشتر حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە مەریوان  و سەوڵاوای بڵاو کردوە و ڕایگەیاند کە لە ١٤ی خاکەلێوە هەتا ٨ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ١١٢ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە. بە جیاکردنەوەی ئامارەکە دەردەکەوێ کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، واتە لە نێوەڕاستەکانی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا، ٨٨ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا ڕوویان داوە.

مەترسیی بابەتەکە لەوەدایە کە ئەم ئامارە و سووتاندنی سەدان هێکتار لە دارستان و سروشتەکانی کوردستان لەم ماوە کورتەدا تەنیا هی دوو شاری کوردستانە و ئاماژەیەک بە ناوچەکانی دیکە نەکراوە.

هەر لەم ماوە ئاماژەپێکراوەدا سەدان حەڵەتی ئاگرکەوتنەوەی گەورە و بچووک لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە کە بووەتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجداربوون و بەئەنقەستبوونی هێندێک لە ئاگرەکانی کوردستان، ڕێژیم هیچکات بۆ پێشگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی سووتانی دارستانەکانی کوردستان، هەوڵی نەداوە و بە شێوازێکی سیستماتێک لە چوارچێوەی لەنێچوونی دارستان و سروشتەکانی کوردستان، سیاسەتە کاولکارانەکەی خۆی لە ڕێگەی لایەنە پێوندیدارەکانەوە لە ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوە بردووە.