یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەرمانان ڕایگەیاند لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وڵاتەکەی لە سەرجەم بەربەستەکان ئازاد دەبێت و تەنانەت ژێرخانەکانی وزە و ناوەندە مەدەنییەکانی ئێرانیش دەکاتە ئامانج.
کاتس لە ڕێوڕەسمێک لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتی بەرگری، هۆشداریی دا کە ئیسرائیل سەرجەم ژێرخانە نیشتمانی، سەربازی و مەدەنییەکان، بە تایبەت دامەزراوەکانی وزەی ئێران بە ئامانج دەگرێت و ئەو وڵاتە بەرەو تاریکی و "سەردەمی بەردین" دەگەڕێنێتەوە.
کاتس جەختی کردەوە گوشارە ئابوورییەکان و ترس لە سەرهەڵدانی جەماوەری و ڕووخانی دەسەڵات، ڕەنگە کۆماری ئیسلامی ئاڕاستەی کردەوەی لەسەر بێهیوایی بکەن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد دەسەڵاتدارانی تاران باش دەزانن بۆچی هێرش ناکەنە سەر ئیسرائیل، چونکە بە وتەی ئەو، ئیسرائیل پێشتر دوو جار زەبری قورسی لێ داون، بەرنامەی ئەتۆمی و توانا ستراتێژییەکانی وێران کردوون و عەلی خامنەییشی لەنێو بردووە.
پێشتریش بێنیامین نێتانیاهوو هۆشداری دابوو کە هەر هێرشێکی تاران "دەبێتە یەکێک لە دوایین بڕیارەکانی ڕێژیمی ئێران."