کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵڵا

13:19 - 12 خەرمانان 2726

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردن و زیانگەیاندن بە فەرماندە و ژێرخانە سەربازیی و چەکۆچۆڵییەکانی حەماس و حیزبوڵڵا، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی نوێدا چەند فەرماندە و ژیرخانێکی سەربازیی ئەو دوو گرووپە تێرۆریستییەی لەنێو برد.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەم حەفتەیەدا، لە ناوچەی سەبرە سەر بە غەززە، عومەر محەممەد ڕوشدی سەڕاج، فەرماندەی شیرکەتی لۆجستیک و پشتگیریی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماسی لە غەززە کردە ئامانج.

ئەم تیرۆریستە بەرپرسایەتیی دابینکردن و دابەشکردنی چەکی بۆ تیرۆریستانی حەماس لە غەززەی لە ئەستۆ بووە.

لە هەمان ئۆپەراسیۆندا، یەکێکی تر لە چەکدارەکانی ئەو گرووپە کوژراوە.

هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل ژێرخانی سەربازیی ڕێکخراوی حیزبولڵای لە ناوچەی نۆبەتیە لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو ژێرخانانەی کە لەنێو براون، بۆ پلانی و ئاراستەکردنی پیلانی تیرۆریستیی دژی هێزەکانی ئەرتەش و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بەکار هێندراون.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل توونێلێکی یەک کیلۆمیتریی حیزبوڵڵای لە ناوچەی زەردی باشووری لوبنان تەقاندەوە.

هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی خەرمانان، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تیرۆریستێکی حەماس کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا ڕۆڵی هەبووە، دەستبەجێ دوای ناسینەوەی لە باکووری غەززە کراوە ئامانج و لەنێو براوە.

گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا بەتایبەتی، چەندین هێرشی خوێناویی دژی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل بەڕێوە بردووە و ئیسرائیل لە سزادان و هێرش بۆ سەر فەرماندە دیارەکانی ئەو گرووپە بەردەوامە و هەتا ئێستا زیانێکی زۆری پێگەیاندوون.