ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" ئاشکرای کرد، ڕووسیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نهێنیدا هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بۆ پەرەپێدانی مووشەکێکی کروزی پێشکەوتووی سەروو دەنگ (هایپێرسۆنیک) کە دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی فاینانشاڵ تایمز، ئەم پڕۆژە نهێنییە لە ساڵی ٢٠٢٣وە بە کۆدی (C430L) دەستی پێکردووە و ئامانجەکەی پەرەپێدانی سیستمێکی بەرهەمھێنانی بزوێنەری پاڵنەری سەروو دەنگە بۆ مووشەکەکان، تا بە خێراییەکی چەند بەرانبەری خێرایی دەنگ بفڕن و توانای سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕێگریلێکردنیان دابەزێنن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئێران تاقیکردنەوەی فڕینی بۆ ئەم سیستمە ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا بەڵگەیەک لەسەر جێگیرکردنی کۆتایی مووشەکەکە لە بەر دەستدا نییە.
لە بەرانبەردا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکاوە ئێران تووشی داڕمانی تەواوەتی بووە و هیچ هاوکارییەکی دەرەکی ناتوانێت کۆماری ئیسلامی لەم دۆخە ڕزگار بکات.