کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی، ڕەخنەگری ئەدەبی، نووسەر، وەرگێڕی دیاری کوردستان کۆچی دوایی کرد

13:15 - 12 خەرمانان 2726

"عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی"، نووسەر، وەرگێڕ و ڕەخنەگری دیاری ئەدەبی، دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، شەوی ڕابردوو لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.

عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە شاری سەقز لە دایک بووە و ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە ئەدەبیات و فەرهەنگیی کوردی تەرخان کرد.

 قەڵەم و بیرکردنەوەکانی ئەم نووسەرە کوردە بەشێکی گرنگیان لە خزمەتکردن بە کورد، وێژە و ناسنامە و فەرهەنگیی کوردیدا بووە.

ناوبراو بەتایبەتی بە شارەزایی و ڕوانگەیەکی ورد و ڕەخنەگرانە لە بوارەکانی فەرهەنگ، کۆمەڵناسی ناسراو بووە و هەوڵی داوە لە نووسین و بەرهەمەکانی خۆیدا، لە ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کورد بکۆڵێتەوە و بە شێوەیەکی شیکارانە و ڕەخنەگرانە پێیاندا بڕوانێت.

لە ناودارترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، کتێبی "مصیبت کورد بودن"ـە و هەروەها "سه قصیده در باب انجماد" یەکێکی دیکە لە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەیە.

شایانی باسە ئەم بەرهەمانە ڕەنگدانەوەی بەشێک لە نیگەرانی، بیرکردنەوە و هەوڵدانە فیکری و توێژینەوەییەکانی سەبارەت بە دۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکەیە.

ناوبراو بێجگە لە نووسین، لە بوارەی وەرگێڕانیشدا چالاک بوو و چەندی بەرهەمی جیاوازی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ناوبراو چەندین ڕۆمان و بەرهەمی دیکەی نووسیوە، کە بەشێکیان بڵاو کراونەتەوە و بەشێکی دیکەیان هێشتا چاپ نەکراون.

بەرھەمەكانی ئەو نووسەرە وەك میراتێكی دەوڵەمەندی ئەدەبی و فیكری بۆ كوردستان دەمێننەوە. یاد و ناوی هەرمان