کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی چڕبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نرخی نەوت گەیشتە ۱۰۰ دۆلار

15:56 - 12 خەرمانان 2726

بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێران و نیگەرانییەکان لە پچڕانی دابینکردنی وزەی جیهانی، نرخی نەوت ڕۆژی پێنجشەممە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و نەوتی برێنت لە ١.٧٪ی بەرزبوونەوەدا لە ۱۰۰ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزیک بووەوە.

لە بازاڕەکانی جیهاندا، نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ۹۷.۲٥ دۆلار و نەوتی خاوی تێکزاسی ئەمریکاش بە ڕێژەی ١.٩٪ بەرز بووەوە و گەیشتە ۹۲.۷۱ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم بەرزبوونەوەی نرخە دوای ئەوە هات کە ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران دەستیان پێکردەوە، ئەگەرچی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو پێشبینی ناکات بۆردومانەکانی وڵاتەکەی ماوەیەکی زۆر بخایەنن و ڕەنگە کارە سەربازییەکان کورتخایەن بن.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان ترس و نیگەرانیی لای بازرگانان دروست کردووە کە پێکدادانی زیاتر ڕەنگە کەرت و هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی جیهانی پەک بخات.

ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت بە مانای گرانبوونی بەنزین، گازۆئیل، سووتەمەنیی فڕۆکە و بەرهەمەکانی دیکەی نەوت دەبێت بۆ بەکاربەران.