کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەرگس محەممەدی ڕوو بە نەتەوە یەکگرتووەکان: مافی مرۆڤ بە پێشمەرجی هەر چەشنە وتووێژێک لەگەڵ ئێران دابنێن

13:21 - 4 رەزبەر 2724

نەرگس محەممەدی، بەندکرانی سیاسی، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی، هاوکات لەگەڵ ٧٩هەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و ئامادەبوونی سەرۆککۆماری ئێران و هەیئەتەکەی لەو شارە، نامەیەکی ئاراستەی ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی کردووە و داوای گرینگیدانی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کردووە.

نەرگس محەممەدی لەم نامەیەدا بە ئاماژە بە دووهەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران، داخوازیی ئەم بزووتنەوەیە بە مافی ژنان و دێموکراسی و یەکسانی ناو برد و نووسیویەتی: ''باجی ئەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییە، هاوشێوەی ڕاپەڕین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی پێشوو، سەرکوتکردنی دڕندانەی خەڵک بوو، کە بەردەوامە.

محەممەدی بە جەختکردنەوە لەسەر بارودۆخی پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەنووس و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسی کورد و شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاری کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە، زیادی کرد کە جیهان شایەتحاڵی کوشتن و ئێعدام و زیندان و سەرکوتکردنی توندوتیژانە و دڕندانەی ژنان لە لە شەقامەکان و زیندانەکانە.

نەرگس محەممەدی ڕوو بە نوێنەرانی وڵاتان لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسیوویەتی: ''نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێو ئێوەدا دەبن. داواتان لێدەکەم لەپێناو بەدیهێنانی دێموکراسی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ئێران، بە جیددی و چالاکانە و نەک تەنیا بە قسە و لاتاو، مافی مرۆڤ بکەنە پێشمەرجێک بۆ هەر جۆرە دانوستانێک لە هەر ئاستێکدا بێت.

ناوبراو داوای لەو نوێنەرانە کرد ئیعدامی بەربڵاو و دڕندانەی زیندانییانی بێ ماڵ و حاڵ ڕابگرن، ئازادی هەموو زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی واز لە سەرکوتکردنی سیستماتیک و ئامانجدارانەی ژنانی ئێران و بە تاوان ناساندنی ئاپارتایدی ڕەگەزی و سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییە سەربەخۆکان بوەستن و کردەوەی بە پەلە و چارەنووسساز بگرنەبەر.