کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل

13:23 - 4 رەزبەر 2724

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە، بڵاوی کردووەتەوە کە ئەم گرووپە میلیشیایە داوای لە تاران کردووە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و دیپلۆماتکارێکی ڕۆژاوایی نووسیویەتی، حیزبوڵڵای لوبنان دوای زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، داوای لە تاران کردووە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئێران تا ئێستا خۆی لەو کارە بواردووە.

بە وتەی دوو بەرپرسی ئیسرائیلی، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە حیزبوڵڵایان ڕاگەیاندووە، بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئێستا کاتی گونجاو نییە، چونکە مەسعوود پزیشکییان، لە ئێستادا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە.

مەسعوود پزیشکییان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک ئاماژەی بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران کرد و وتیشی کۆماری ئیسلامی بێگومان وڵامی ئەو کارەی ئیسرائیل دەداتەوە و بەڵام تاران نایهەوێت هۆکاری ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەکە بێت.

ناوبراو وتی کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەدوای شەڕێکی بەرفراوانتر دەگەڕێت و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران نایەوێت بکەوێتە نێو ئەو تەڵەیەوە.

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کە ئێستا لە نیویۆرکە، لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئیسرائیل هۆشداری دا کە تاران بەرامبەر بەم ڕووداوانە بێ هەڵوێست نامێنێت و لە پاڵ خەڵکی لوبنان و فەلستین ڕادەوەستێت".

حیزبووڵڵا بەهۆی کوژرانی زۆرێک لە فەرماندە باڵاکانی و کەوتنە مەترسیی سیستمی پەیوەندییەکانی، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. بەوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەم وڵاتە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی زۆری جبەخانەی مووشەکی ئەم گرووپەی لەنێو بردووە.

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بەبێ جیاوازی لەنێوان میلیشیا کوژراوەکان و خەڵکی مەدەنییەکان ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە ٥٥٨ کەس، لەو ژمارەیەش ٥٠ کەس منداڵن و ٩٤ کەسیشیان ژنن" و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ هەزار و ٨٣٥ بریندار زیادی کردووە.