ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕەزبەر، مەسعوود پزشکییان لە ٧٩ـەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەخنەی لە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٥ گرت و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەرجام لە خولی نوێی دانوستانەکان بەپێی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تاران ڕێک بکەوێ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئیدعای ئەوەی کرد کە ئێران هەرگیز دەستپێشخەری هیچ شەڕێک نەبووە و وتی: من سەرۆکی وڵاتێکم کە چەندین جار ڕووبەڕووی شەڕ بووەتەوە بەڵام کەس لە پشتی نەبووە، بەڵکوو هەموو لایەک بە هانای ئەو لایەنە دەستدرێژیکەرانە کە شەڕمان لەگەڵ دەکەن چوون.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی ئێران لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی جیهانی ئەمڕۆ ڕێک بخات.
پزشکییان لە بەردەوامی قسە و ئیدعاکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی خوازیاری ئاشتیی هەمیشەیی بۆ خەڵکی ڕووسیە و ئۆکراین بووە و پشتیوانی لە هەر ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ ئۆکراین دەکات.
ناوبراو ئیسرائیلی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" تۆمەتبار کرد و وتی: ئەوان ئەو خەڵکە ئازادیخواز و ئازایانەی کە لە بەرانبەر جینۆسایدەکان لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان ناڕەزایەتی دەردەبڕن بە دژە جوولەکە ناو دەبەن و هێرش دەکەنە سەریان و ئاماژەی بە هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان کرد و داوای کۆتاییهێنان بەو هێرشانەی کرد.
پزشکییان دواتر ئیسرائیلی بە تێرۆرکردنی زانا و دیپلۆماتکار و میوانەکانی ئێران تۆمەتبار کرد.
شایانی باسە کە وتارەکەی مەسعوود پزیشکیان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا بوو کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازی بە هەڵگرتنی وێنەی زیندانییانی سیاسی و ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون لە بەرانبەر بینای نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد و لە دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.