مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەر بەمەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەڕێ کەوت.
سەفەرەکەی پزشکییان بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداریکردنی لە کۆڕە دوای چەند مانگ بەدەستەوەگرتنی کابینەی نوێی دەوڵەت، کۆمەڵێک پرس و بابەتی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.
پزشکییان لەم سەفەرەدا سەبارەت بە زۆر پرسی جیاواز لەوانە پرسی کەمینەکان و پرسی ناوکی و زۆر بابەتی دیکەی پێوەندیدار بە ئێران و دۆخی خەڵکانی ئێران قسەی کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا و دوای سەفەرەکەی پزشکییان بۆ نیویۆرک، جان کێربی وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتیی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەمریکا لەو باوەڕەدایە کە ئێران گۆڕانکارییەک لە خۆی و سیاسەتەکانی پێک دێنێت وتی: ئێمە چاوەڕوانیی گۆڕانکاریەکی جیددی لە هەڵسوکەوتی ئێرانمان نییە، نەک لە بواری مافی مرۆڤ بەڵکوو لە بواری بەردەوامبوونی لە سیاسەتی ناسەقامگیرکردنی ناوچە و پشتیوانی لە گرووپە تێروریستەکان لە عێراق و سووریە، حوسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس واتە مێحوەری موقاومەت هەر بەو شێوەیە چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکاریەک ناکەین.
کێربی هەروەها ڕایگەیاند: هەر وەک دەزانن ڕێبەری ئێران بڕیارەدەری سەرەکییە و ئەویش لەسەرەوە بڕیاری خۆی داوە بۆ ئەوەی دژایەتیی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەدا بکات.