کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی لە ڕادەبەدەری پەرستار لە ئێران لە هێندیک لە پارێزگاکان قەیرانی پێک هێناوە

10:28 - 5 رەزبەر 2724

بەرپرسی ڕێکخراوی نیزام پەرستاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە کەمیی لەڕادەبەدەری هێزی پەرستاری لە هێندێک پارێزگا، بەتایبەت خوزستان دۆخێکی قەیراناویی خوڵقاندووە و پەرستاران بۆ هەر کاتژمێرێک ئیزافەکاری نزیکەی ٣٠ هەزار تمەن وەردەگرن کە ئەمەش نرخێکی قەبووڵکراو نییە.

ئەحمەد نەجاتیان بە هەواڵدەریی ''ئیسنا''ی ڕاگەیاند، ئەو پەرستارانە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی ڕێکخراوی نیزام پەرستاری و وەزارەتی تەندروستییان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە بەو نرخەی ئێستا ئیزافەکاری ناکەن.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، پەرەستاران وێڕای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە نەدانی مافە دواکەوتووەکانیان، داوای چاکسازی حەقدەستی پەرستاری و جێبەجێکردنی دروستی یاسای کارە سەخت و زیانبەخشەکان و جێبەجێکردنی کاتەکانی ئیزافەکاری و مافی نیشتەجێبوونیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، بەرپرسی نیزام پەرستاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی سێنفی پەرستاران لە چەند حەوتەی ڕابردوودا، هەرچەندە هیندێک ناوەند مووچەی دواکەوتووی ئەو پەرستارانەیان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا داوە؛ بەڵام ئەم پارەیە بە بەراورد بە پرسەکانی وەک "ئیزافەکاری و دامەزراندن زۆر کاریگەر نین.

ئەحمەد نەجاتیان هۆکاری سەرەکیی ئیزافەکاریی، ناچاریی پەرستارانی بۆ کارکردن بە مووچەی زۆر کەمەوە بۆ کەمیی هێزی مرۆیی زانی و نموونەی بەشی ICUی لە نەخۆشخانەکان هێنایەوە کە زۆرجار پەرستارێک لە جیاتی ئەوەی چاودێری دوو نەخۆش بکات، دەبێت ئاگاداری چوار نەخۆش بێت.

پەرستاران لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە بارودۆخی کارکردنیان، بەتایبەتی دوای تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا دەربڕیوە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا توندتر بوون و پەرستارانی دەیان نەخۆشخانەی گشتی لە ٢٠ شار مانیان گرتووە یان لە کۆبوونەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

پشتگوێخستنی داواکارییەکانی پەرستاران لە دۆخێکدایە کە ئێران لەگەڵ کێشەی کەمیی هێزی پەرستاریدا بەرەوڕوویە؛ کێشەیەک کە لەگەڵ شەپۆلی کۆچی پەرستاران خراپتر بووە و بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی پەرستاری، کۆچی پەرستاران لە ئێرانەوە دوو هێندە زیادی کردووە.