لەکاتێکدا کەمیی بەنزین بووەتە کێشەیەکی بەربڵاو لە شارەکانی ئێراندا، پێترۆشیمییەکانی ئێران ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی ئەم سووتەمەنییە هەناردەی وڵاتی ئێمارات دەکەن.
ئەحمەد مەعرووفخانی بەرپرسی سەندیکای هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە وتووێژێک لەگەڵ ئیلنا ڕایگەیاندووە زۆربەی پێترۆشیمییەکانی ئێران ماددەی "ڕیفێرمیت"ی بەرهەمهێنراوی خۆیان بۆ ئێمارات هەناردە دەکەن.
ناوبراو زیادی کردووە هەر لە حەفتەی ڕابردوودا ڕیفێرمیتی پێترۆشیمییەکانی ئێران چوونەتە نێو بازاڕی ئێماراتەوە لەکاتێکدا ئەم ماددە دەیتوانی لە پاڵاوگەکانی ئێران ببێتە بەنزینێک بە کوالێتیی بەرزەوە.
ماددەی ڕیفێرمیت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی ستاندارد و بە کوالێتیی بەرزەوە بەکار دەهێنرێت.
بەپێی داتاکان پاڵاوگەکانی ئێران ڕۆژانە ١٤.٥ میلیۆن لیتر نەفتا بەرهەم دێنن کە ئەگەر ڕیفێرمیتی پێویستیان پێ بگات دەتوانن بەنزینی باش بەرهەم بێنن بەڵام لە ئێستادا بە هەناردەکردنی ئەم ماددەیە بەنزینێکی کەمتر و بە کوالێتییەکی کەمتر بەرهەم دێنن.
لە ئێستادا دەوڵەت بەرهەمهێنانی بەنزینی ستانداردی بەتەواوەتی کەم کردووەتەوە و بەنزینی ناستاندارد ڕەوانەی شارەکانی ئێران دەکات.
کارناسان لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی یارانەی سووتەمەنییەکانی ئەم کارە ئەنجام ئەدات.
ڕاپۆرتێکی وەزارەتی نەوت دەریدەخات کە بەرهەمهێنانی بەنزین بە ستانداردی یۆرۆ ٤ لە ساڵی ١٤٠١ سێ ئەوەندەی ئەمساڵ بووە و هەروەها بەرهەمی بەنزینی یۆرۆ ٥ و بەنزینی سووپێر لەچاو ئەو ساڵە بە ڕیز ٣ لەسەد و ٣٠ لەسەد کەمی کردووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمهێنانی ئەم سێ جۆرە بەنزینە لە ٢٩ میلیۆن لیترەوە بۆ ٢٠ میلیۆن لیتر کەمی کردووەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا و بەتایبەتی پاش هاتنەسەرکاری پزشکییان دەیان گرتە ڤیدیۆ و ڕاپۆرت لە شارەکانی ئێران سەبارەت بە کەمیی بەنزین بڵاو بوویەوە.
لەئێستادا دەوڵەت سەرەڕای ئەوەی کە بەنزینێکی ناستاندارد و مەترسیدار بۆ ژینگە بەرهەم دێنێت، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گشتیی بەنزینی کەم کردووەتەوە و خەڵکی تووشی کێشەیەکی دیکە کردووە.
پێشتر مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاندبوو کە فرۆشتنی بەنزین بەم نرخە بە خەڵک نالۆژیکییە و دەوڵەت چیتر ناتوانێت بەم نرخە بەنزین بەرهەم بێنێت.