کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە بە دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر پێتەختی ئۆکراین

11:11 - 5 رەزبەر 2724

ڕووسیە بە هێرشی دڕۆنی، کیێفی پێتەختی ئۆکراینی کردە ئامانج و زیانی بە ژێرخانە مەدەنییەکان گەیاند.

سێرهی پوپکۆ، بەرپرسی ئیدارەی نیزامیی کیێف ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشمەمە ٥ی ڕەزبەر زیاتر لە ١٢ دڕۆنی هێرشبەری دروستکراوی ئێران بەسەر ئاسمانی شارەکەدا دەرکەوتوون و زۆربەیان خراونەتە خوارەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، لەم هێرشەدا کە چەند کاتژمێری خایاند، نزیکەی ٢٠ ماشین و لوولەیەکی گاز لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشت.

ڕووسیە لەماوەی هێرش بۆسەر ئۆکراین لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بە دڕۆن و مووشەکی جۆراوجۆر هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە.

لەو پێوەندییەدا ئەمریکا باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران کە پێشتر دڕۆنی بە ڕووسیە دابوو، لەم دواییانەدا بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئۆکراین مووشەکی بالیستیکی بە ڕووسیە داوە.

کۆماری ئیسلامی کە ناردنی درۆنی شاهید-١٣٦ بۆ ڕووسیەی ڕەت کردووەتەوە و ئەمجارەش ڕەتی کردەوە مووشەکی بالستیکی بۆ ڕووسیە ڕەوانە کردبێت.

ناردنی مووشەک بۆ ڕووسیە کە بە ڕەواڵەت لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە جێبەجێ دەکرێت، بووە هۆی ئەوەی ''ئێران ئەیر'' لەلایەن ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانیەوە گەمارۆی بەسەردا بسەپێنرێت.

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ڤێلادیمیر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین، لە لێداونیکدا لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ڕووسیە پلانی ئەوە دادەڕێژێت کە هێرشی کارەساتبار بکاتە سەر ناوەندە ناوکییەکانی ئۆکراین.