کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری ئێسفەهان ١٥ ژنی بەهایی دادگایی کرد

11:47 - 5 رەزبەر 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هێرانا ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر ١٥ هاووڵاتیی ژنی بەهایی جارێکی دیکە دادگایی کران، کە پێشتر لە کۆتایی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا هەر یەکەیان سزای ٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ بێبەشکران لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری ئێسفەهانەوە بەسەریاندا سەپێندرابوو.

ئەم ١٥ ژنە بەهاییە کە هێرانا بە ڕوونی ئاماژەی بە ناو و ناسناویان کردووە، جارێکی دیکە بە تۆمەتی "چالاکی پەروەردەیی و پڕوپاگەندە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی" لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب لە شاری ئێسفەهان دادگایی کراون.

پێشتریش گوشارەکانی ڕێژیم لە دژی ئەم ژنە بەهاییانە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ١٢ لەو هاووڵاتییانە پێشتر لە ساڵی ۱۴۰۰ دەسبەسەر کراون و دوای ماوەیەک و به دانانی بارمتە ئازاد کراون و ماڵی چەندین کەسیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە تەواوەتی پشکنینیان بۆ کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی مەسعوود پزشکییان، سەرۆکی حکوومەتی ١٤ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆمەڵگەی جیهانی بەهایی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان لەوە کردەوە  کە بەڵێنەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕاستییە تاڵەکان نییە و سەرکوتی بەهاییەکان لە ئێران چڕتر بووەتەوە.

پێشتریش کۆمیسیۆنی ئامریکا بۆ ئازادیی ئایینە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆی لە زۆربوونی گوشارەکان بۆ سەر کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێران و کارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەسبەسەرکردنی بەهاییەکان دەربڕیبوو.

هەروەها ئەم کۆمیسیۆنە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک بەهاییەکان، مەسیحییەکان، دەرویشەکانی گۆنابادی، زەردەشتی، یارسانی، موسوڵمانی شیعە و سوننە و کەسانی غەیرە ئایینییەکانی کردووەتە ئامانج و بە گرتن و زیندانیکردنی درێژخایەن، لێدان و ئەشکەنجە، یان ڕێگری لە بەشداریکردنیان لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سزایان دەدات.