کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندی گەڵاڵەی عیفاف و حیجاب پاش چەند ڕۆژ لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی

11:49 - 5 رەزبەر 2724

ئەحمەد ڕاستینە وتەبێژی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر پەسەندکرانی گەڵاڵەی عیفاف و حیجابی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕاگەیاند.

ڕاستینە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم گەڵاڵەیە بە زووترین کات لەلایەن مەجلیسەوە بۆ جێبەجێکردن ڕادەگەیەندرێت وتی: "هەموو دامەزراوەکان ئەرکدارن تاکوو لە تواناکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسا گرینگە کەڵک وەربگرن".

بە وتەی ناوبراو زیاتر لە ٣٠ حوکمی فەرهەنگی لەم یاسادا بوونی هەیە کە نیشانی ئەدات بابەتی عیفاف و حیجاب بابەتێکی فەرهەنگییە و پێویستە لە دامودەزگاکانی سەر بە پەروەردە بۆ بەقەناعەتگەیاندنی لاوان و مێرمنداڵان کاری لەسەر بکرێت.

گەڵاڵەی عیفاف و حیجاب گەڵاڵەیەکە کە بەناوی پشتیوانی لە بنەماڵە، بە پەرەدان بە فەرەهنگی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیم و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" دارێژڕا و ڕادەستی مەجلیس کرا.

ئەم گەڵاڵەیە کە لە ٧١ بەند پێک هاتووە لە بەشێکیدا بۆ ئەو کەسانەی کە ناچنە ژێر باری حیجابی زۆرەملێوە سزای نەختیی لە بەرچاو گرتووە.

جیا لەوە بۆ ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوەیەک دژبەری بەڕێوەچوونی ئەم یاسایە لە شوێنە گشتییەکان و تەنانەت فەزای مەجازیشدا بن سزای نەختی و بەندکران و ڕێگرتن لە چوونەدەروە لە وڵات لە بەرچاودا گیراوە.

لە ئێستادا ئەم گەڵاڵە تەنیا پاش چەند ڕۆژ لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە دەستی مەئموورانی حیجابی کۆماری ئیسلامی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەند و بۆ جێبەجێکردن ڕادەستی مەجلیس کراوە.

گوشاری دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بە بیانووی سەرپۆشی زۆرەملێ بۆ سەر ژنان و کچان ساڵانێکە بەردەوامە و وێدەچێت پاش جێبەجێکردنی یاساکە ئەم گوشارانە بەرفراوانتر ببێتەوە.