کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لۆمۆند: نێتانیاهوو ڕێژیمی ئێرانی بە توندی خستووەتە نێو تەنگانەوە

11:51 - 5 رەزبەر 2724

ڕۆژنامەی لۆمۆند لە وتارێکدا نووسیویەتی، سەرەڕای گورزە قورسەکانی ئیسرائیل لە حیزبوڵڵا، هیچ نیشانەیەک بۆ خواستی کۆماری ئیسلامی بۆ بەهاناوەچوون و نەجاتی حیزبوڵڵا نییە، چونکە بەرپرسانی تاران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە نێتانیاهوو پلانی داڕشتووە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕێکدا بخاتە تەڵەوە.

لۆمۆند لە وتارێکدا بە قەڵەمی دوو پەیامنێرەکەیەوە لە بەیرووت نووسیویەتی، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا ڕێژیمی ئێران لە دۆخێکی خراپدایە. بەپێی ڕاپۆرتی لۆمۆند، سەرلێشێواوی ستراتێژی ڕێژیمی ئێران بە ڕوونی لە قسەکانی مەسعوود پزشکییان لە دانیشتنی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبینرێت.

ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: ڕاستە کە مەسعوود پزیشکییان لە وتارەکەیدا بەتوندی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر حیزبوڵڵا مەحکووم کرد و بە تاوان دژ بە مرۆڤایەتی ناوی بردووە. بەڵام ئەمجارە و بە پێچەوانەی نەریتی ئاسایی ڕێژیمی ئێران، پزشکییان لە جیاتی ئەوەی هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە و نەهێڵن لوبنان ببێتە غەززەیەکی نوێ.

لۆمۆند ئاماژەی بەوە کردووە، حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێران سەرەڕای هێرشەکانیان لە ٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە دژی ئیسرائیل، بەردەوام هەوڵیان داوە خۆیان لە شەڕێکی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور بگرن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران هێشتا کاردانەوەی بەرامبەر بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە نەبووە و هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی لە مانگی پووشپەڕی ڕابردوودا بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕوانگەی هێزی بەرگێڕەوە بە تەواوی بێهۆدە بووە.

هەروەها لۆمۆند باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران جگە لە ناردنی چەک و ناردنی ڕاوێژکارانی سپای قودس نەبێت، توانای یارمەتیدانی حیزبوڵڵای لە نێوخۆی لوبنان نییە.