کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی بڵاوی کردەوە، لەکاتێکدا کە دۆسییەی پەخشان عەزیزی و بنەماڵەکەی بۆ داوای پێداچوونەوە ڕادەستی دیوانی باڵای ڕێژیم کراوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای بەندکرانی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەخشان عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی تاران وەک خۆی پشڕاست کرایەوە.
کوردپا لەمبارەوە رایگەیاندووە: سزای یەک ساڵ بەندکرای داسەپاو بەسەر هەر کام لە عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسین عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی تاراندا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
لەم دۆسییەیەدا کەسانێکی دیکەش تۆمەتبار کراون کە هێشتا ڕوون نییە بۆچی لەم دۆسییەیەدان و ئەم کەسانە کێن.
پێشتر سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەر کام لەم کەسانە لەگەڵ سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" دەر کراوە.
٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی سزادراو بە لەسێدارەدان لە بەندیخانەی ئێڤین، لە دۆسییەیەکی نوێدا کە لەلایەن لقی ٣ی لێرسینەوەی دادسەرای ئێڤینەوە کراوەتەوە، بە "ئاژاونانەوە لە بەندیخانە" تۆمەتبار کراوە.
ئەم تۆمەتە لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٣ بووە.
ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژنامەوان و دەرچووی بواری یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی پاش نزیک بە ساڵێک دەسبەسەرکران، لەلایەن داداگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درابوو و هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەی ناوبراو بە بەندکران سزا درابوو.
ئەم سزایە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "دەر کراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی وڵات" بە ٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
سزای پەخشان عەزیزی لە کاتێکدا دەرچووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو