ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و لە چالاکانی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران لە بەندیخانەی تۆنکابۆن ئازاد کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، باسی لە دۆخی بەندی ژنانی بەندیخانەی تۆنکابۆن و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی کردووە.
٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، پاش قەبووڵکرانی داواکاریی موژگان کاوسی بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم، دۆسییەکەی ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ساری کرا و سزاکەی بۆ یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری گۆڕدرا.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢، موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی ئەم شارە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن کرا.
خەزەڵوەری ١٤٠٢، حوکمی زیندانی موژگان کاوسی لە لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.
موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومییەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.