بە دەسبەسەرکرانی دوو کەسی دیکە، ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی کورد لە مەهاباد لە ڕۆژی سێشەممەدا گەیشتە ٤ کەس.
بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عادڵ کاکە تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "دۆستاڵی" سەر بە شاری مەهاباد دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها ئومید ئەحمەدنژاد گۆرانیبێژی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندی "قەجیاوا"ی مەهاباد دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا.
هاوکات دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵە مافخوازەکان بە ناوەکانی ڕامیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵ و برای شەهید زانیار ئەبووبەکری و سیاوەش سوڵتانی تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی شەهید کوبرا شێخە لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە مەهاباد دەسبەسەر کرابوون.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانیان، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.