لە بەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا دەستی لەم ئۆپەراسیۆنەدا نەبووە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ئەنجام دراوە و تا ئێستاش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و دەبێت ڕێگری لە شەڕی تەواو بکرێت.
وەزیری بەرگریی ئامریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دەزانم هەواڵەکان لەسەر هێرشەکەی بەیرووت بڵاو بوونەتەوە، من پەیوەندییەکی تلفۆنیم لەگەڵ یۆئاو گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گرت، بەڵام ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدا بوو کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بەردەوام بوو.
پنتاگۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا پێشوەختە ئاگاداری پلانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت نەبووە.
لوید ئاستین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە گرینگیی دیپلۆماسی کردەوە و بە تاکە چارەسەری خێرا بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئاوارەی ئیسرائیلی و لوبنانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە هەر دوو دیوی سنوور و ڕاگرتنی شەڕ زانی.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز ڕۆژی هەینی، ٦ی ڕەزبەر، بە گێڕانەوە لە شایەتحاڵان، ڕایگەیاند: دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا، تەقینەوە بەهێزەکان پایتەختی لوبنانیان هەژاند.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیلیش ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بارەگای ناوەندی فەرماندەیی حیزبوڵڵای لوبنان کە گرووپێکی چەکدارییە و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران پشتیوانی لێ دەکات لە بەیرووتی کردووەتە ئامانج.
دوابەدوای ئەم هێرشە بۆ سەر بارەگای حیزبوڵڵا لە بەیرووت، ڕاپۆرتگەلی ناکۆک سەبارەت بە چارەنووسی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری ئەم گرووپە بڵاو کراوەتەوە.
شایانی باسە کە لە دوایین پێشهاتەکاندا کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ١١ و ١٣ی ئیسرائیل بە متمانەوە دەڵێن نەسروڵڵا و تەنانەت کچەکەیشی لەو هێرشانەدا کوژراون و لە هەمان کاتێکدا میدیا عەرەبییەکان و سەرچاوە هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی گومانیان هەیە کە ناوبراو هێشتا لە ژیاندا مابێت.
لە لایەکی دیکەوە عەلی لاریجانی و ئەحمەد وەحیدی، دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئیسلامی، کە لە تەلەفزیۆنی ڕێژیمه ئێراندا دەرکەوتن، پێکەوە ڕایانگەیاند، ئەگەر میحوەری مقاومەت (بەرخۆدان) هەر فەرماندەیەک لەدەست بدات، فەرماندەیەکی دیکە جێگەی دەگرێتەوە، و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دەڵێن ئەم قسانە ئاماژەیەکن بۆ نەمام و سڕینەوە رێبەری حیزبوڵڵا.