کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی کۆتایی پڕۆژەیاسای "عیفاف و حیجاب" ڕاگەیەندرا‌/ لێدانی ٧٤ قامچی بۆ گاڵتەکردن بە حیجاب

20:59 - 7 رەزبەر 2724

میدیا نێوخۆییەکانی ڕێژیم دەقی کۆتایی پڕۆژەیاسای "عیفاف و حیجاب"یان بڵاو کردەوە. پڕۆژەیاسای ئاماژەپێکراو بەم زووانە بە ڕەزامەندیی شۆرای نیگابان ڕادەگەیەنرێت و لەو دەقەدا تەنانەت گاڵتەکردن بە حیجابش بە تاوان دەناسرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەر ئەحمەد ڕاستینە، وتەبێژی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی مەجلیسی ڕێژیم وتی: پرۆژەیاسای عیفاف و حیجاب لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەند کراوە و سەرۆکی مەجلیس بەم زووانە ڕایدەگەیەنێت.

ئەم گەڵاڵە یان پرۆژە یاسایەی ڕێژیم لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئامادە کراوە و دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ پەسەندکردن، پێشکەشی مەجلیسی کردبوو.

ئەندامانی مەجلیس لە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ بە ١٧٥ دەنگی بەڵێ لە کۆی گشتیی ٢٣٨ دەنگ ئەم پرۆژە یاسایەیان پەسەند کرد و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا میدیاکان چەند جارێک وردەکاریی پرۆژەیاساکەیان بڵاو کردووەتەوە.

لە بەشی یەکەمی ئەم پرۆژە یاسایەدا هاتووە کە "هەر ڕەفتارێک، چ لە دنیای ڕاستەقینە یان دنیای مەجازی وەک، پۆشینی جلوبەرگی خراپ، بێ حیجابی یان بانگەشەکردن بۆ بێ حیجابی و تێکدانی ڕەوتی ئارامی بنەماڵە قەدەغە و ڕێگەپێنەدراوە.

هەروەها لە بەندی حەوتەمدا باس لە دابینکردنی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە سنووری یاسادا کراوە کە ڕوون نییە بێ حیجاب چ پێوەندییەکی بەو شتەوە هەیە و چۆن دەتوانێ ئەو بەندە پێشێل بکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەم پرۆژەیاسایەدا گاڵتەکردن بە حیجابیش بە تاوان ناسێنراوە، کە لە مادەی ٣٧ی ئەم پرۆژە یاسایەدا هاتووە: "هەر کەسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندایان لە دنیایی ڕاستیدا سووکایەتی بە حیجاب یان گاڵتەی پێ بکات یان بانگەشە بۆ بێ حیجابی، یان جلوبەرگی خراپ، یان هەر ڕەفتارێکی خراب بکات.

 لە قۆناغی یەکەمدا بە سزای نەختی، پلەی چوارەم و بە خواستی دەسەڵاتی دادوەری، بە قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ و قەدەغەکردنی چالاکیی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە شەش مانگەوە بۆ دوو ساڵ سزا دەدرێت و لە پلەی پێنجەمدا سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت .

هەروەها ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دەقە کۆتاییەدا، وەسف و تاریفێکی تایبەت بۆ "بێ حیجاب" و "جلوبەرگی خراپ" نەکراوە کە تەواوی ئەم پرۆژەیاسایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بێ حیجابی نووسراوە.

هەروەها بە قسەی ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم، شۆرای نیگابان ئەم پرۆژە یاسا ناڕوون و دووفاقییەی پەسەند کردووە و ئەگەر بەفەرمی پەسەند بکرێت، ئەوە دەبێتە یاسا، یاسایەک کە هیچ پێناسە و تاریفێکی دیاریکراوی بۆ تاوان و تاوانبارەکان تێدا نییە.