پاش ڕاگەیاندنی فەرمیی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتدا، لایەنە جیاجیاکان سەبارەت بەم ڕووداوە کاردانەوەیان هەبوو، نێتانیاهوو باس لە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، بایدێن کوشتنی نەسروڵڵای بە دادپەروەری زانی و خامنەیی ٥ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.
ڕۆژی هەینی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێک کە پاش ئەنجامبوونی بە ئۆپەراسیۆنی "نەزمی نوێ" ناوی لێ برا، بنکەی فەرماندەیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچە زاحییەی بەیرووت لە ڕێگەی ١٢ فڕۆکەی "ئێف ١٥" و ٨٥ تۆن بۆمبی سەنگەرشكێنەوە، تێک شکاند و حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵا و چەند کەس لە فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپە و هەروەها عەباس نیلفرووشان فەرماندەی باڵای سپای پاسدارانی کوشت.
پاش پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی نەسروڵڵا لەلایەن حیزبوڵڵاوە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی سەرەکیی ناوبراو، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای لەقەڵەمدانی نەسروڵڵا بە ڕێبەرێکی بێوێنە، هەڕەشەی وڵامی توندی بەرەی بەناو "موقاومەت"ی بە ئیسرائیل کردووە و ڕایگەیاندووە کە حیزبوڵڵا سەرکەوتوو دەبێت و ئیسرائیل شکست دەخوات.
خامنەیی بەم بۆنەوە ٥ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.
لەبەرامبەردا بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە فەرمانی بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی نەزمی نوێ دابوو، لە یەکەمین دەرکەوتنی پاش کوشتنی نەسروڵڵا وتی: "حەسەن نەسروڵڵا چیتر تێرۆریست نییە، ئەو تێرۆریست بوو".
نێتانیاهوو لە درێژەی قسەکانیدا ڕوو لە ڕێبەری نوێی حەماس ڕایگەیاند کە یەحیا سێنوار ببینێت کە حیزبوڵڵا ناتوانێت فریای کەوێت و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زووتر بارمتەکان لە غەززە ئازاد بکات.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ جارێکی تر دووپاتی کردەوە کە هیچ شوێنێک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نییە کە دەستی ئیسرائیلی پێ نەگات.
لەلایەکی دیکەوە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا کوژرانی کەسی یەکەمی بەرەی موقاومەتی بە دادپەروەری بۆ قوربانییانی بێئەژماری ناوبراو زانی.
بایدێن وێڕای ئاماژەدان بە پێشگرتن بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە و بەهێزکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە، جەختی لەسەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی و خەڵکەکەی کردەوە.