بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدوانی گشتیدا دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەم کارەی بە "مەرجێکی پێویست" بۆ گەیشتن بە ئامانجە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەوانە گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ناو برد.
نێتانیاهوو وتی: لەگەڵ ئەو کەسەی کە بەرپرسیار بوو لە کوشتنی بێژماری ئیسرائیلییەکان و زۆرێک لە هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە وەکوو ئەمریکا و فەرانسە حیسابی خۆمان یەکلا کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها حەسەن نەسروڵڵای بە بزوێنەری ناوەندی میحوەری خراپەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناو برد و جەختی کردەوە کە نەک هەر لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە ڕێنوێنی دەکرا، بەڵکوو خۆی زۆر جار ڕێنوێنی ڕێژیمی ئیسلامی دەکرد.
هەروەها نێتانیاهوو زیادی کرد: هەموو ئەوانەی بەدەست زوڵمی ڕێژیمه ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی لە لوبنان، سووریە و خودی ئێران و شوێنەکانی دیکە دەناڵێنن، ئەمڕۆ پڕن لە هیوا، و ناوبراو لە لێدوانەکەیدا بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە وتی: ئیسرائیل لە تەنیشت ئێوە وەستاوە.
بێنیامین نێتانیاهوو حەسەن نەسروڵڵا و کەسانی دەورووبەری بە "داڕێژەری پلانی لەناوچوون"ی ئیسرائیل ناو برد و وتی: نەسروڵڵا تێرۆریستێکی ئاسایی نەبوو. ئەو تێرۆریستە ڕەسەنەکە بوو.
هەروەها ناوبراو جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ شوێنێک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە کە دەستە درێژەکانی ئیسرائیل پێی نەگات و وتیشی: ئەمڕۆ هەمووان دەزانین ئەم بابەتە چەندە ڕاستە.
دوای ئەوەی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت لە ڕۆژی هەینیدا کوژراوە، گرووپی حیزبوڵڵاش هەروەها کوژرانی ناوبرای لەو هێرشانەدا پشتڕاست کردەوە.
حەسەن نەسروڵڵا دوای سوبحی تەفیلی و عەباس مووسەوی، سێیەم سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا لە لوبنان و دڵسۆزترین فەرماندەی هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و عەلی خامنەیی بوو.
شایانی باسە کە نەسروڵڵا لە یەکێک لە بەناوبانگترین وتارەکانیدا کە ئاراستەی خەڵکی ئێران و جیهانی کردبوو، وتی: من لە بەردەمی جیهاندا بە ڕوونی دەڵێم، بوودجە و خەرجی و خۆراک و چەک و مووشەکەکانی حیزبوڵڵا لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێت و هیچ سزایەک کاریگەرییەکی لەسەر ئەم پرۆسەیە نابێت."