کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت

11:24 - 8 رەزبەر 2724

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر، کاک محەممەدی خالە قاڵەی بێوران بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد هەر دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و سەرەتای ساڵەکانی ١٣٦٠ی هەتاوی، دەبێتە پێشمەرگە و چەکی بەرگری لە کەرامەتی گەلەکەی لە شان دەکا.

کاک محەممەد پێشمەرگەیەکی بەنەزم و بەئەخلاق بوو، هاوکات کەسێكی قسەخۆش و کۆمەڵاتی بوو کە بە هۆی لێهاتووییەوە، پلەی سەرپەلی پێ درا.

نابراو دوای ساڵەکانی ١٣٦٧ بە هۆی هێندێک گیروگرفتی بنەماڵەیی ناچار بوو بگەڕێتەوە ناوخۆ و هەر لە سەر ڕێبازی دێموکرات بەردەوام بوو.

ناوبراو لە پەنا فەرماندەرانی شەهید حەمەدەمین مەلاعەزیزی و شەهید حەمەعەزیز عەزیزی پێگەیشت و لەوان فێری وانەکانی کوردایەتی و نیشتمان خۆشەویستی بوو.

برایەکی کاک محەممەد بە هۆی تۆپبارانی شەڕی ئێران و عێراق شەهید بووە.

ئاواتی کاک محەممەد ئەوە بوو کە ڕزگاریی گەلەکەی بە چاوی خۆی ببینێ کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.