کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕویتێرز: خامنەیی ڕەوانەی شوێنێکی پارێزراو کراوە

12:25 - 8 رەزبەر 2724

دوابەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی فەرماندەەی حیزبووڵڵا لە لوبنان کە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری ئەم گرووپە تێرۆریستییەی بەدواوە بوو، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری پێوەندیدار بە تارانەوە ڕایگەیاند کە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی حەسەن نەسروڵلا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنییەتییدا، ڕەوانەی شوێنێکی پارێزراو کراوە.

بنکەی فەرماندەیی حیزبوڵڵا لەژێر بینایەکدا لە ناوچەی زاحییەی باشووری بەیرووت بووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێگەی بۆمبی سەنگەرشکێنەوە کردوویەتیە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەم ڕاگەیەندراوەدا زیادی کردووە کە جگە لە حەسەن نەسروڵڵا چەند فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حیزبوڵڵا وەک عەلی کەرکی فەرماندەی بەشی باشووریی ئەم گرووپە کوژراون.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل هەڕەشەی کرکە ڕێگە نادات بە هیچ شێوازێک چەکوچۆڵ بگاتە دەستی حیزبوڵڵا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چاوەدێریی فڕۆکەخانەی بەیرووت دەکات.

گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان سەرەکیترین و بەهێزترین میلیشیای سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی تاران لە جیهان و بەتایبەتی ناوچەکەدا بەڕێوە دەبات.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین ڕێبەری گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکوژرێت.

ئیسرائیل ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری گرووپی حەماسیشی لە تاران کوشت.

پاش تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵا و کەمئەندامکردنی هەزاران ئەندامی ئەم گرووپە و هەروەها هێرش بۆ سەر شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا و کوشتنی ١٦ فەرماندە، لەنێوبردنی حەسەن نەسروڵڵا سێیەمین خەساری قورس بوو کە ئیسرائیل تەنیا لە ماوەی کەمتر لە دوو حەفتەدا بە حیزبوڵڵای گەیاند.