پاش کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی زاحییەی بەیرووت، زانیارییەکان باس لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی "نەزمی نوێ"ی ئیسرائیل و هێرش بۆ سەر حیزبوڵلای لوبنان دەکەن.
ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەر تەنیا ڕۆژێک پاش کوشتنی ڕێبەری حیزبوڵڵا ئەرتەشی ئیسرائیل چەند هێرشێکی قورسی دیکەی بۆ سەر بەیرووت بەتایبەتی ناوچەی زاحییە ئەنجام دا کە لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا دوو ئەندامی گرینگ و باڵای دیکەی ئەم گرووپە کوژران.
بەگوێرەی ئەم زانیارییانە نەبیل قاووق ئەندامی شۆرای ناوەندیی حیزبوڵڵا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی زاحییە کوژرا.
قاووق جێگری شۆرای جێبەجێکاری ئەم گرووپە بوو کە چەند جار سەردانی ئێرانی کردبوو و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک تێرۆریست فەرمانی بەدوادچوون و چاوەدێڕیی نێوەدەوڵەتیی بۆ دەرکرابوو.
هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر ناوچەی زاحییە، حەسەن خەلیل یاسین یەکێک لە فەرماندە هەواڵگرییەکانی حیزبوڵڵا کوژراوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بەم هێرشانە ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر حیزبوڵلا لە لوبنان بەمەبەستی کردنە ئامانجی جێگرەوەکانی نەسروڵڵا بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە نیۆیۆرک تایمز باسی لە پێشتریەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سازکردنەوەی حیزبوڵڵا کردووە.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە زاری دوو ئەندامی سپای پاسداران کە لە کۆبوونەوەکانی سەبارەت بە چۆنییەتی کاردانەوە بە کوژرانی نەسروڵڵا ئامادە بوون نووسی: "هەوڵی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا یارمەتی داڕشتنەوەی حیزبوڵڵا، دیاریکردنی جێگرەوەی نەسروڵڵا، دامەزراندنی پێکهاتەی نوێی فەرماندەیی و بنیاتنانەوەی تۆڕێکی پێوەندیگرتنی متمانەپێکراوە".