"قاسملوو، ئاوێنەیەک لە هزری بەرهەتاو" نوێترین کتێبی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە. نوێترین بەرهەمی چاپکراوی چاپەمەنیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٣٥ ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو چاپ و بڵاو بۆتەوە.
عەلی بداغی، بەرپرسی چاپەمەنیی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ کوردستانمیدیا لەبارەی نێوەرۆکی کتێبی "قاسملوو، ئاوێنەیەک لە هزری بەرهەتاو" بە "کوردستانمێدیا"ی ڕایگەیاند: "ئەم کتێبە ٤٣٢ لاپەڕەیە و چەند توێژینەوە و باسی ئاکادمیک، کۆمەڵێک وتاری فرەڕهەند لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی د. قاسملوو، و زنجیرەیەک وتار و وتووێژی پێشتر بڵاونەکراوە یان کەمتر بیندراوەکانی د. قاسملووی لەخۆ گرتووە. هەروەها "نرخی نەوت و خوێن"، بەڵگەنامەی باسێکی درێژی پاڕلمانی ئوتریش لەسەر پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوو و کۆمەڵێک نووسین و دێکیۆمێنتاریی دیکە نێوئاخنی ئەم کتێبە پێک دێنن."
"قاسملوو، ئاوێنەیەک لە هزری بەرهەتاو" پێنجەمین کتێبە چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتە کە لە ماوەی بزووتنەوەی ژینادا چاپی کردوون. "١٠٠ ڕۆژەی شۆڕشی ژینا"، "شەرەفکەندی، شکۆی شۆڕشگێڕی"، "لەژێر ساباتی قاسملوو" و "جانیان کاخ فیروزە" ناونیشانی ئەو چەند پەرتووکەی دیکەی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتن کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چاپ و بڵاو بوونەتەوە.