کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی قوتابییان

22:25 - 8 رەزبەر 2724

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەر، یەکێک لە پاسدارەکانی موعاونەتی سپای بۆکان لە خانەی موعەلیم، کۆبوونەیەکی بۆ بەرپرسانی قوتابخانەکانی ئەم شارە ڕێک خستووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئەم پاسدارەی ڕێژیم، داوای هاوکاریی لە بەرپرسانی قوتابخانەکان کردووە کە لە پەرەدان بە فەرهەنگی شەهادەت و جیهاد ڕۆڵ بگێڕن.

ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستی ئەرکدارکردنی مامۆستایان بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی قوتابییان بووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا، ڕایانگەیاندووە کە بەرپرسانی قوتابخانەکان، کەسانی دژبەری ڕێژیم و ئەو کەسانەی کە دژی حیجابی زۆرەملێن بە بەشی موعاونەتی فەرهەنگیی سپا بناسێنن.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان لە کوردستان لەکاتێکدایە کە قوتابییانی کوردستان لە درێژەی بزووتنەوەی ژینادا، هاتنە سەر شەقامەکان و بەشێکی بەرجاو لە ناڕازییان بوون کە ژمارەیەکی زۆر لەم قوتابییانە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە چەند ماشینەوە بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ٩ قوتابی، ‌هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی داوناوەندیی کوڕانەی شاهێد لە جوانڕۆ؛ بەڵام دوابەدوای ئاڵۆزبوونی کەشی قوتابخانەکە و هاتنی بنەماڵەی قوتابییەکان بۆ قوتابخانە، لە ڕاگوستنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان پاشگەز بوونەوە بەڵام لە کۆتاییدا قوتابییەکانیان بردە دیوێکی قوتابخانەکە و لەوێ لێپرسینەویان لێ کردن.

ئەم ٩ قوتابییە، لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەسبەسەر کرابوون و هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە لەنێو قوتابخانەدا پێیان وتبوون ئێوە "کۆدتان هەیە و لەژێر چاوەدێریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان"دان.