کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارانی سەر بە ڕێژیم لە سووریە/ کۆماری ئیسلامی پەرە بە شەڕ لە ناوچەکە ئەدات

22:27 - 8 رەزبەر 2724

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندووە لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە بوکەماڵی سووریە لانیکەم ١٥ کەس لە هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کوژراون.

ڕۆژە یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر کاناڵی ئەلعەرەبییە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕایگەیاندووە کە چەند فڕۆکەی نەناسراو دوێنێ شەو هێرشیان کردووەتە سەر میلیشیاکانی سەر کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریە و لە ئاکامدا ١٥ کەس کە یەکیان فەرماندە بووە کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

ئەلعەرەبییە زیادی کردووە هێرشەکە بۆ سەر بنکەیەکی سەر بە سپای پاسداران لەم ناوچەدا بووە.

بەپێی زانیارییەکان پاش ئەنجامی هێرشەکە شەڕ لە نێوان چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە کوردییەکانی سووریەی دێموکرات ڕووی داوە.

هێرشەکە پاش ئەوە بووە کە دوێنێ دڕۆنێک هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە دەیرەزوور.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێندێک جموجۆڵیان ئەنجام داوە.

ئەم جموجۆڵانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە زیاتر لە هەمووکاتێک بەرەوڕووی شەڕێکی گەورە بووەتەوە و وێدەچێت کە کۆماری ئیسلامی فەرمانی بە میلیشیاکانی لە عێراق و سووریە داوە تاکوو شەڕەکە بەربڵاوتر بکەنەوە.