کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی ئیسرائیل لە بۆمبی ٢ هەزار پۆندی بۆ کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا

10:19 - 9 رەزبەر 2724

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل، لەم ئۆپەراسیۆنەدا لانیکەم کەڵکی لە ٨ فڕۆکە وەرگرتووە کە بە بۆمبی سەنگەرشکێن تەیار کراون.

نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە ڤیدیۆیەک کە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بڵاو کراوەتەوە، باسی لەوە کردووە کە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە بەیرووت، فڕۆکە شەڕکەرەکان بۆمبی ٢ هەزار پۆندییان پێ بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا دەوڵەتی بایدێن لە مانگی مەی ئەمساڵدا، ڕایگەیاند کە ناردنی بۆمبی ٢ هەزار پۆندی بۆ ئیسرائیلی بە هۆی نیگەرانی لە ئەمنییەتی خەڵکی سێڤیل لە غەززە ڕاگرتووە.

لێکدانەوەی ڤیدیۆ و وێنە ماهوارەییەکان لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە دەری دەخەن کە ئەم هێرشە لانیکەم ٤ بینای نیشتەجێبوونی ٧ نهۆمیی خاپوور کردووە.

دوو بەرپرسی باڵای بەرگریی ئیسائیل لەمبارەوە بە نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە کە زیاتر لە ٨٠ بۆمب لە ماوەی چەند خولەکدا بە مەبەستی بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵڵا کەڵکیان لێ وەرگیراوە بەڵام جۆری تەقەمەنییەکان هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر، حەەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان دوابەدوای هێرشێکی بەربڵاوی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی فەرماندەیی ئەم گرووپە لە بەیرووت، کوژرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان جگە لە نەسروڵڵا کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بووە ژمارەیەکی دیکە لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵاش لەم هێرشەدا کوژراون.